هەرێم نیوز
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام ڕاگەیاند، هەروەها بلومبێرگیش بڵاویکردەوە، هەردوولا نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی بنکەکانی ڕوسیا لە سوریا.
ماڵپەڕی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هەردوولا گەیشتوونەتە "لێکتێگەیشتنێکی نافەرمی" سەبارەت بە هێشتنەوەی بنکەکانی ڕووسیا لە سووریا، بەڵام "ئەم دۆخە دەتوانێت لە نێو ناسەقامگیرییەکانی سووریادا بگۆڕێت".
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس بە گێڕانەوە لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بڵاویکردەوە کە مۆسکۆ پەیوەندی بە دەستەی تەحریر شامەوە کردووە لە دیمەشق و هیوای خواستووە کە ئەو گرووپە "بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات" سەبارەت بە ئاسایشی دیپلۆماتکارانی بیانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا بەنیازە بنکەکانی لە سوریا بپارێزێت، چونکە "شەڕی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش کۆتایی نەهاتووە".
ڕووسیا دوو بنکەی سەربازی لە سوریا هەیە؛ بنکەی دەریایی تەرتوس لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و بنکەی ئاسمانی حمێیمیم لە نزیک بەندەری لازقیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس لەوە کرا کە کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە بنکەی تەرتوس دوور کەوتوونەتەوە.