دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

گفتوگۆی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان

هەرێم نیوز

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئوردنەوە گەیشتە ئەنقەرە و لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆگا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.

پرسی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا پێشهاتەکانی سوریا بوو و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز لەم دیدارە لە باس لە ڕۆژئاوای کوردستان کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکدادانەکانی نێوان هەسەدەی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە تورکیا بەخۆیەوە بینی.

بەگوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە سوریا لە دژی هەموو "گرووپە تیرۆریستییەکان" "لە پێناو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەگرێتەبەر.

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پێکەوە کار بۆ بنیاتنانەوەی دامودەزگاکان لە سووریا بکەن.

 لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند کە گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە "ئاسایشی ناوچەیی و گواستنەوەی سیاسی لە سوریا" کردووە.

ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی کە پرۆسەی گواستنەوە لە سوریا پێویستە "لە ژێر سەرکردایەتی سوریا" بێت و "هەموو سورییەکان لەخۆ بگرێت" و ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزێت.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، لە شاری مەنبەج لەگەڵ هێزەکانی سەر بە تورکیا کە بە "سوپای نیشتیمانی سوریا" ناسراون، تێکهەڵچوون و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، دواجار بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەستیان ڕاگەیاند.

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی بلینکن لەگەڵ هاوتا تورکەکەی هاکان فیدان وتووێژ بکات و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز پرسی سوریا لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP