هەرێم نیوز
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا هێرشێكی لەو جۆرە بكاتە سەر حوسییەكانی یەمەن ببێتە وانەیەك بۆ سەرجەم ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرگیز لەبیری نەكەن.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ئەمشەو چوارشەممە لە تەلئەبیب بەشداری لە ڕێوڕەسمێكی جەژنی حانوكای ئایینی جووەكان كرد.
لەمیانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكەدا نەتانیاهۆ گوتی: بەردەوام دەبین لە هێرشكردنە سەر دوژمنەكانمان لە سەرتاسەری جیهان.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر كەمێكیش دوا بكەوێت، بەڵام بەڵێن بێت هێرشێكی ئاوا بكەینە سەر حوسییەكان ببێتە وانەیەك بۆ سەرجەم وڵاتان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرگیز لەبیر نەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر وانەی لەم جۆرەمان دابووە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵا و رژێمی بەشار ئەسەد و یاریزانەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چەند خولەكێكی كەم دوای هەڕەشەكانی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، حوسییەكان لە یەمەنەوە درۆنێكی بۆمبڕێژكراوی دیكەیان ئاراستەی تەلئەبیب كرد و بەهۆیەوە تەقینەوەیەكی گەورە كەوتەوە.