هەرێم نیوز
دوای ئەوەی ئیسرائیل دووەم شەپۆلی هێرشی بۆ سەر یەمەن دەستپێکرد، ئەو وڵاتە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: حوسییەکان ئەو ناوەندانەیان بەکارهێناوە بۆ "قاچاخکردنی چەکی ئێرانی" بۆ ناو ناوچەکە و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی بەرپرسانی ئێرانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران ڕایانگەیاند، ناوچەکانی سەنعای پایتەختی یەمەن و بەندەری حودەیدە کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکدا کە ئەم هێرشانەی پشتڕاست کردەوە، ڕایگەیاند کە "ژێرخانی سەربازیی حوسییەکان کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا کەڵکی وەردەگرن" هەروەها دوو وێستگەی کارەبا لە بەندەری حودەیدە کە ١٤٠ کم لە ڕۆژئاوای سەنعا دوورە، و بەندەرەکانی "حەزیز و ڕاس کەتیب" کراونەتە ئامانج.
لە بەیاننامەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە ژێرخانی سەربازیش لەم ناوچانەدا کراوەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ئەم هێرشانەیان بەهۆی هێرشی دووبارەی حوسییەکان بووە بۆ سەر ئیسرائیل.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە حوسییەکان بەشێکی سەرەکیی "میحوەری تیرۆریستی ئێران"ن و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتی و ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی ناوچەکە و جیهان ناسەقامگیر دەکات.
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن لە کاتێکدایە کە نزیکەی پێنج ڕۆژ لەمەوبەر موشەکێک لە یەمەنەوە بەر پارکێکی تەلئەبیب کەوت.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هەوڵەکانیان بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکە شکستی هێناوە و مووشەکەکە بەر پارکێک لە تەلئەبیب کەوتووە.