هەرێم نیوز
ڕاپۆرتێکی نوێی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا دەریدەخات کە بۆ یەکەمجار ناوی "محەممەد" لە پێشەنگی لیستی ناوی منداڵی کوڕ لەم وڵاتەدا بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناوی "محەممەد"یان هەیە لەم وڵاتەدا زیادی کردووە و ئێستا لە هەر 40 نێرێک لە بەریتانیا یەکێکیان ئەم ناوەی هەیە.
بەگوێرەی میدیاکانی دەیلی مەیل، ڕەنگە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی پێکهاتە موسڵمانەکان لە بەریتانیا بەهۆی کۆچبەرانەوە، هاوشانی ناوبانگی کەسایەتییە وەرزشییەکانی وەک محەممەد فەرەح، محەمەد سەڵاح و محەمەد عەلی، هۆکاری ئەم زیادبوونە بووبێت .
ناوی محەممەد لە ساڵی 2016ەوە لە 10 ناوە سەرەکییەکانی منداڵان لە بەریتانیادایە، بەڵام ساڵی ڕابردوو نازناوی "بەناوبانگترین ناو"ی بەدەستهێنا و جێگەی ناوی نوح-ی گرتەوە. ناوی نوح خۆی ساڵی ڕابردوو پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
ناوی ئۆلیڤیا بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەریەک وەک بەناوبانگترین ناوی کچ لە بەریتانیا ماوەتەوە، دوای ئەویش ئەمیلیا و ئایلا دێن.
ساڵانە فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی داتای نوێی ناوی منداڵەکان شی دەکاتەوە و بەناوبانگترین و کەمترین ناوەکانی بەریتانیا بڵاودەکاتەوە. ئەم ڕیزبەندییە لەسەر بنەمای ڕێنووسی وردی ناوی منداڵە تۆمارکراوەکانە؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ناوە هاوشێوەکان بە ڕێنووسی جیاوازەوە بە جیا حیساب دەکرێن.
لە ساڵانی پێشوودا لە ئینگلتەرا و وێڵز سێ ڕێنووسی جیاوازی ناوی عەرەبی "محمد" لە 100 باشترین ناوی کوڕاندا هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەم ساڵە کە تەنها یەک ڕێنووسی ناوی (Muhammad) لە پێشەنگی لیستەکەدا بێت.
ناوی محەممەد بووەتە بەناوبانگترین ناو لە چوار ناوچەی ئینگلتەرا لە کۆی نۆ ناوچەی ئینگلتەرا و لە وێڵز لە پلەی 63یەمدایە.
هەروەها ناوی ئۆلیڤیا بەناوبانگترین ناوی کچ بوو لە پێنج پارێزگای ئینگلتەرا و هەموو وێڵز. ئەم ناوە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەمیشە لە سێ ناوی سەرەکیدا بووە بۆ ناونانی منداڵ.