ئارام سدیق
یەکێک لە شانازییەکانی ئەم 20 ساڵەی ڕابردووی بزووتنەوەی وەرگێڕان ئەوەیە کە بەشێک لە شاکارە گرنگەکانی ئەدەبیاتی جیهان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدران. لەنێو ئەو شاکارەکانەدا هەر لە "کۆمیدیا"ی دانتێ و "کەلیدەر"ی مەحموود دەوڵەتئابادی و سەرجەم بەرهەمەکانی ئۆرهان پاموک و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی مۆراکامی نەجیب مەحفووز و زۆر نووسەری دیکە هەیە. ئەم بەرهەمگەلە کتێبخانەی کوردییان ئاوەدان کردەوە. بەجۆرێک کە لە ڕووی بەرهەی ئەدەبی و ئەدەبیاتی جیهانییەوە کەموکوڕی ئەوتۆی پێوە دیار نەبێت، یان کەموکوڕییەکە هێندە زەق نەمێنێتەوە کە پێشتر هەبووە.
یەکێک لەو وەرگێڕانەی چەند شاکارێکی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە نووسەر و وەرگێڕ مامۆستا "حەمە کەریم عارف"ـە، کە تا ئێستا خاوەنی 170 بەرهەمی چاپکراوە لە نووسراو و وەرگێڕدراو و لەنێویاندا کۆمەڵێک شاکاری گرنگی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی و گۆگۆڵ و مۆپاسان و دەیان نووسەری دیکە هەیە. لە یەکەم ڕۆژی پێشانگەی کتێب لە سلێمانی شاکارێکی دیکەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد کە ئەویش "شەڕی ئاخر زەمان"ی ماریۆ بارگاس یۆسای ڕۆماننووسی پیرۆییە،کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بە چاپی گەیاندووە و ئەم بەرهەمە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە و نووسەرەکەی بەشێک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون.
بەڵام ئەوەی ئەم بەرهەمە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە گەلێک نێودارە و خودی نووسەرلە چاوپێکەوتنێکدا بە باشترین بەرهەمی خۆی دەزانێت.