و:شاهۆ عوسمان
مارتینا لۆیبلی*
كه بهرپرسى بهشى كولتوورى ئهو ڕۆژنامهيه، ڕاپرسييهكهى ئهنجامداوه، له 23ى 11 ئهم نوسينه كورتهى لهسهر بهختيار عهلى له ڕۆژنامهى (NZZ) نوسيوه.
نووسەری گەورەی کورد بەختیار عەلی، بە زمانی ڕیالیزمی جادوویی، لە حهقيقهتى سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدوێ.
سەرەتا وەک چيرۆكێك دەردەکەوێت. پیاوێک ڕێگەی پێدەدرێت زیندانەکەی لە بیابان جێبهێڵێت و دەبرێتە کۆشکێک. لەوێ چاوی بە هاوڕێیهكى کۆنی دەکەوێت کە پێشمەرگەیە، بەڵام چارەنووسی کوڕەکەی (سەریاس)ى لێ دەشارێتەوە. باوکەکە دەیەوێت (سەریاس) بدۆزێتەوە و دەبێت ئەوە بزانێت کە سێ کوڕ هەن، سێ هاوتەمەنی هاوناو، بەڵام بە چارەنووسی جیاوازهوه. لە چیرۆکێکی هاوتەریبدا، کوڕێک کە دڵی لە شووشەیە، دڵی دەچێتە سهر کچێك. بە واتای وشە، دەشکێت، چونکە خۆشەویستەکەی سوێندی خواردووە شوو نەکات.
کارەکتەرەکانی بەختیار عەلی وا دەردەکەون کە سەر بەم دنیایە نەبن، بەڵام لە چیرۆکە ئاڵۆزەکانیاندا کە پڕن لە هێمای جادوویی، حەقیقەتە تاڵەکانی چەوساندنەوەی کوردی عێراق لەلایەن سەدام حوسێنەوە، خەباتی ڕزگاریخوازییان و ئەو شەڕە ناوخۆییەی دوای ئۆتۆنۆمی هات، ڕەنگیان داوەتەوە. لەسەر پاشخانە تاریکەکەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بهختيار عەلی شاکارێکی کاریگەر دەخوڵقێنێت، جیهانێکی شیعرئامێز بەپێی یاساکانی خۆی.
بەختیار عەلی ناسراوترین نووسەری زمانی کوردییە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لەبەر سەرکوتی سیاسی پەنای هێناوهته ئەڵمانیا. لە کوردستان، سەدان هەزار کەس بەرهەمەکانی بهختيار عهلى دەخوێننەوە، بەڵام لە تاراوگە، ساڵانێکی زۆره بە نەناسراوی دەینووسی، تا ئەو کاتەی دەزگای یونیۆن بەرهەمەکانی گرتە ئەستۆ. ئەمەى بهختيار ئەدەبێکی جیهانییە کە هەم لە گابریێل گارسیا مارکێزەوە ئیلهامی وەرگرتووە و هەمیش لە داستانە کوردییە زارەکییەکان و ئەو چیرۆکانەی کە دایکی بەختیار عەلی دەیگێڕانەوە.
*مارتینا لۆیبلی
لە ساڵی ١٩٨٠ لە زیوریخ لەدایک بووە و لە شارى راف گەورە بووە. لە زیوریخ و بەرلین خوێندنی گێرمانیستیک (زمان و ئەدەبی ئەڵمانی) و تیۆلۆگی (ئایینناسی) تەواوکردووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ رۆژنامەی "زیوریخەر ئونتەرلەندەر" کاریکردووە.
دکتۆرای لە بەراوردکاريی ئەدەبیدا هێناوه و لە زانکۆی زیوریخ، ئەرشیفی دەوڵەتی زیوریخ و دەزگای چاپەمەنی ناگێڵ و کیمشە کاریکردووە. هەروەها وەک مامۆستای زمانی ئەڵمانیش کاریکردووە.
ئەزموونی رۆژنامەوانی لە چەندین شوێن کۆکردۆتەوە وەک (تاگێس-ئهنتزایگە) ئۆنلاین. لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٧ لە NZZ وەک سەرنووسەری هەواڵ و بەرپرسی بەرهەمهێنان کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە سەرنووسەری کولتووريی NZZ و بەرپرسی بەشی کتێبە لهو ڕۆژنامهيه.