هەرێم نیوز
بەمەبەستی رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی حکومەتی بەریتانیا بەنیازە بە پارە مامەڵە لەگەڵ چەند وڵاتێکدا بکات لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی عیراق دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەت، لەنێویاندا حكومەتی كوردستان و توركیا و ڤێتنا، سەبارەت بە هاوكاری و رێككەوتنی ئەمنی، كە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.
لای خۆیەوە، كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی 20 لە بەرازیل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێك جار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەكەنە مەترسیەوە.
وتیشی، حكومەت پلانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە تاوانكاریانەی كە بەشدارن لە قاچاخچێتی بە خەڵك.