هەرێم نیوز
سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای سعودیە فەیاد سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا کۆبووەوە و تاوتوێی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوانییان کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئیرنا، سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای سعودیە فەیاد سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد و لەوێ لەگەڵ جەنەڕاڵ محەمەد باغری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبووەوە و تاوتوێی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوانییان کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پەرەپێدانی دیپلۆماسی بەرگری و فراوانکردنی هاوکاریی دوولایەنە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بووە.
سەردانەکە دوابەدوای هەڵبژاردنی دانۆڵد ترامپ دێت وەکو سەرۆکی ئەمەریکا کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێدەکات، هەروەها بەڵێنیشیداوە ئاشتی بهێنێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ دەستپێشخەری کرد لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختی ئێراندا، ئاساییکردنەوەکانیش بە ڕێککەوتنەکانی ئابراهام ناسراون.
سعودیە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروست نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی رایگەیاندووە جارێد کوشنەری زاوای ترامپ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و تاوتوێی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیەیان کردووە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا تاران و ڕیاز لە ڕێی نێوەندگری چینەوە ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان، ئەوەش دوای حەوت ساڵ لە دوژمنایەتی کە مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی کەنداو دروست کردبوو، هەروەها ئەو ناکۆکییەی نێوان دوو وڵاتەکەش بووە هۆی گڕگڕتنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە یەمەنەوە بۆ سوریا.