هەرێم نیوز
دەسەڵاتی دادوەری عێراق دوای بردنەوەی ترەمپ روبەڕوی قەیران دەبێتەوە، "یاداشتی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە".
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاوكردووەتەوە، لەكاتێكدا سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزباییان لە دۆناڵد ترەمپ كرد، بەبۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ترەمپ دەكات لە قۆناغی داهاتوودا، بەهۆی بوونی یاداشتێك كە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە دەرچووە بۆ دەستگیركردنی ترەمپ، بەتۆمەتی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس.
موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: ترەمپ بەنیسبەت عێراقەوەو بەپێی یاساكانی عێراق تاوانكارە، بەڵام عێراق بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە دەكات، چونكە بەرژەوەندی عێراق لەوەدایەو، گەیشتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی هیچ كاریگەرییەك لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق و واشنتۆن دروست ناكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەگەر ترەمپ لە ئایندەدا سەردانی عێراق بكات، قورسە ئەو یاداشتە دژی جێبەجێبكرێت، بەرژەوەندی دەوڵەتی عێراق لەپێش هەموو بەرژەوەندییەكەوەیەو ئەوە رێگری دەكات لە جێبەجێكردنی ئەو یاداشتە دژی ترەمپ.
دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە رۆژی (7) كانونی دووەمی ساڵی (2021)، دەرچونی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ راگەیاند، بەهۆی فەرمانكردنی بە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.