دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

هەموو شتێک دەربارەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئەمریكا روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی وڵاتەكەیان، بەوپێیەی ئەو كەسەی لەسەر كورسی كۆشكی سپی دادەنیشێت كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە لە ناوەوەو دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان، هەڵبژاردنی ئەمریكا بایەخێكی گەورەی هەیەو هەمووان چاوەڕوانی دەرەنجامەكانی دەكەن.

سیستەمی سیاسی لە ئەمریكا تەنیا دوو پارت هەژمونیان هەیە بەسەریدا، هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا لە چەرخی نوێدا سەربە یەكێك لەم دوو پارتەن.

یەكەم: پارتی دیموكرات:  پارتێكی سیاسی لیبراڵەو ئەجێندای ئەم پارتە بەرگیركردنە لە (مافە مەدەنییەكان)و (تۆڕی بیمەی كۆمەڵایەتیی)و (گرتنەبەری رێوشوێن بۆ چارەسەری گۆڕانكاری كەشوهەوا)؛ بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (كامالا هاریس) كاندیدی ئەم پارتەیە، ئەم ژنە دوای كشانەوەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە تەموزی رابردوودا، بە فەرمی وەكو كاندیدی دیموكراتەكان دیاریكرا.

پارتی كۆماریی: ئەمە پارتێكی سیاسی كۆنەپارێزە. بۆیە زۆرجار وەكو پارتە گەورە كۆنەكە ناودەبرێت، لە دیارترین ئەو باسانەی كە ئەم پارتە لە كۆنەوە بۆ ئێستا بانگەوازی بۆ دەكات بابەتەكانی (دابەزاندنی باج)و (بچوككردنەوەی قەبارەی حكومەت)و (مافی رێگەدان بە هەڵگرتنی چەك)و (توندكردنەوەی كۆتوبەندە لەسەر كۆچ و لەباربردنی منداڵ)؛ كاندیدی ئەم پارتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمڕۆ بریتییە لە (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە ئەمریكا چۆن بەڕێوەدەچێت؟

كاندیدی هەردوو پارتەكە ركابەرێتیی دەكەن لەسەر بردنەوەی دەنگی دەنگدەران لە هەر ویلایەتێك، بەمەبەستی بردنەوەی "كۆمەڵگەی هەڵبژاردن" لەسەر ئاستی وڵات.
لە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریكادا هەر ویلایەتێك ژمارەیەكی دیاریكراو دەنگی "كۆمەڵگەی هەڵبژاردنی" هەیە، كە بەشێكی ئەم دەنگە پشت بە ژمارەی دانیشتوان لەو ویلایەتە دەبەستێت، تێكڕای دەنگی "كۆمەڵگەی هەڵبژاردن" لەسەر ئاستی ئەمریكا بریتییە لە 538 دەنگ، ئەو كەسەی كە دەبێت بە براوەی هەڵبژاردن دەبێت 270 دەنگ بەرەو سەر لە "كۆمەڵگەی هەڵبژاردن" بەدەستبهێنێت.

ئەمەش بەو واتایە دێت كە دەنگدەران لەسەر ئاستی ویلایەتەكانیان بڕیار لەسەر هەڵبژاردن دەدەن نەك لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی نیشتمانی، لەبەر ئەم هۆیە دەكرێت كاندیدێك زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام زۆرینەی دەنگی "كۆمەڵگەی هەڵبژاردن" نەبات، لەم حاڵەشدا هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت، هێلاری كلینتۆن ساڵی 2016 وای بەسەر هات و هەڵبژاردنەكەی دۆڕاند.

هەموو ویلایەتەكانی ئەمریكا -جگە لە دوو ویلایەتیان- بنەمایەكیان هەیە كە دەڵێ" ئەوەی بردییەوە هەمووی دەبات"، لەبەرئەوە هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ ببات، هەموو دەنگەكانی ویلایەتەكە دەبات نەك تەنیا دەنگەكانی خۆی.

زۆرینەی ویلایەتەكانی ئەمریكا تاڕادەیەكی زۆر خۆیان بەلای ئەم یاخود ئەو پارتدا یەكلاكردوەتەوە، بۆیە هەریەكێك لە دوو پارتەكە سەرەنجیان لەسەر 12 ویلایەتە بۆئەوەی بردنەوەیان تێدا تۆمار بكەن، ئەم ویلایەتانە پێیاندەوترێت "ویلایەتە خۆڵەمێشییەكان" یاخود "گۆڕەپانی جەنگی ویلایەتەكان".

بۆچی هه‌میشه‌ یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟

ده‌ستنیشانكردنی یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی 180 ساڵ پێش ئێستا و ئه‌وكات ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته‌ 34 ڕۆژیان له‌ پێش بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان بده‌ن و ده‌بوو تاكوو یه‌كه‌م چوارشه‌ممه‌ی مانگی كانونی دووه‌م ده‌نگ بده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بووه‌ كێشه‌، پاشان كۆنگرێسی ئه‌مریكا كاتێكی جێگیریان دیاری كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا.

له‌سه‌ره‌تادا ڕۆژانی هه‌ڵبژاردن له‌ ویلایه‌تێكه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تێكی دیكه‌ جیاواز بوو، به‌ڵام له‌ ساڵی 1845 یاسایه‌ك ده‌رچوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ك ڕۆژدا هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مریكا بكرێت، ئه‌وكات به‌شی زۆری ئه‌مریكییه‌كان كاری كشتوكاڵییان ده‌كرد و ئه‌مریكا بۆ ئابورییه‌كه‌ی پشتیی زیاتری به‌ كشتوكاڵ ده‌به‌ست و ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ كاری جووتیاران و به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان و له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌داشدا ئۆتۆمبێل كه‌م بووه‌ و ئاسان نه‌بووه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر بڕۆن و كه‌شوهه‌واش له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌م تا ڕاده‌یه‌ك گونجاوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن.

بۆیه‌ زانكۆی جۆرج تاون ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 1875ه‌وه‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ی تشرینی دووه‌م ئه‌نجام ده‌درێت.

پێیان وابووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ وه‌رزی هاوین و به‌هاردا نه‌كرێ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌و كاتانه‌دا جووتیاران سه‌رقاڵی كار ده‌بن، بۆیه‌ پایزیان به‌ گونجاو زانیوه‌ و یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ی تشرینی دووه‌میان پی باش بووه‌ بۆ به‌ڕیوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

مووچەی سەرۆکی ئەمریکا چەندە؟

لە ساڵی 2001ەوە مووچەی سەرۆکی ئەمەریکا بە 400 هەزار دۆلاری ساڵانە دیاری کراوە، ئەمە جگە لە پاداشتی ساڵانەی 50 هەزار دۆلار کە بۆ دابینکردنی خەرجییە فەرمییەکان تەرخان کراوە.

هەروەها دەرماڵەی گەشتی ساڵانەی بە بڕی 100 هەزار دۆلار بۆ  تەرخان دەکرێت، لەگەڵ 19 هەزار دۆلار وەک خەرجی کاتبەسەربردن، کە بۆ دابینکردنی تێچووی پەیوەست بە بۆنە فەرمییەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشێک لە ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکەی بەکار دەهێنرێت.

هەرچەندە مووچەی سەرۆکی ئەمەریکا بە بەرز دادەنرێت، بەڵام لە نێو مووچەی سەرکردەکانی جیهاندا بەرزترین مووچە نییە، هەندێک لە سەرکردەکان مووچەی زیاتر وەردەگرن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکی گەشەسەندوویان هەیە.

جگە لە مووچە، سەرۆکی ئەمەریکا، ئیمتیازاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، لەوانە نیشتەجێبوون لە کۆشکی سپی، کە هاوکات شوێنی کارەکەیەتی، جگە لە هۆکارەکانی گواستنەوە وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتیی هێزی ئاسمانیی یەک و هێلیکۆپتەری 'مارین یەک'، هەروەها سەرۆک و خێزانەکەی خزمەتگوزاری پزیشکی و ئەمنیی ئاست بەرزیان بۆ دابین دەکرێت.

تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەی خولەکەی، پاراستنی ئەمنیی بۆ هەتا هەتایە پێ دەدرێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP