دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 04/11/2024

هەر بە دوای خاڵی لاوازی یەكتریدا دەگەڕێین

د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
من  گەنجێكم زانكۆم تەواو كردووە، سێ‌ - چوار زمان دەزانم و لە هیچم كەم نییە، پیشە و كاری تایبەت بە خۆم هەیە، بەڵام بەختەوەر نیم، لەبەرئەوەی هەست دەكەم نزیكترین كەسم باسم دەكات، حەسودیم پێدەبات، لێرەولەوێ باسم دەكات، لەوانەیە من دەیان خاڵی بەهێزم لە ژیانم هەبێـت، كەچی باسی ناكەن، بەڵام ئەگەر یەك دوو خاڵی لاوازم هەبێت، بەردەوام هەر باسی دەكەن و هەستم بریندار دەكەن، وام لێدەكەن هەست بە كەمی بكەم و منیش هەر بیر لەو یەك - دوو خاڵە لاوازەی ژیانم بكەمەوە،   لەكاتێكدا من هیچ خراپەیەكم بۆیان نییە، نازانم چی بكەم و بۆچی بەو شێوە رەفتارم لەگەڵ دەكەن؟.

سیستەمی دواكەوتوو

 بەڕێزەکەم، ئەوە سیستەمی دواكەوتووی كۆمەڵایەتیی ئێمەیە كە بەردەوام فێركراوین هەر بە دوای خاڵی لاوازی یەكتریدا بگەڕێین، تۆ سەیر بكە كاتێك منداڵەكانمان دەرئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان وەردەگرنەوە، دەبینین منداڵەكەمان لە (9) وانە دەرچووە، بەڵام تەنها لە یەك وانە دەرنەچووە، ئەگەر هەمووشمان نەبێت، زۆربەمان تەنها چاومان ئەو وانەیە دەبینێ‌ كە دەرنەچووە و سووكایەتی پێدەكەین، پێی دەڵێین یاخوا داوەشێی، ئەوە بۆ ئەو گوڵاڵە سوورەت تێدایە؟ ئەوە بۆ وەك فڵان كەس هەموو وانەكان دەرنەچوویت؟ لەكاتێكدا منداڵەكەمان لە نۆ وانە دەرچووە، كەچی چاومان ئەو نۆ وانەیە نابینێ‌، واتە منداڵەكەمان لە (90 %)ی وانەكانی سەركەوتووە و تەنها لە (10 %)ی وانەكانی دەرنەچووە، كەچی لە جیاتی هانی منداڵەكەمان بدەین و دەستخۆشی لێبكەین كە زۆر خاڵی بەهێزی هەیە، واتە لە (9) وانە دەرچووە، لەبری ئەوە سەرزەنشتی دەكەین و قسەی پێدەڵێین لەبەرئەوەی یەك خاڵی لاوازی هەیە، واتە لە یەك وانە دەرنەچووە. بێگومان ئەم جۆرە پەروەردە و مامەڵە هەڵەیە هەر تاكی دەروون نەخۆشت بۆ پەروەردە دەكات، كە بەردەوام هەست بە كەمی دەكات و رەشبین و بیركردنەوەی نەرێنی دەبێت.

كەسێكی سەركەوتوویت

برا بەڕێزەكەم، ئەمە یاسای ژیانە، سروشتی مرۆڤ وایە، هەموو كەس حەز دەكات خۆی سەركەوتوو بێت و لەهەموو كەس باشتر بێت، بەڵام كاتێك خۆی بە كەسانی تر بەراورد دەكات و دەبینێت كە ئەو كەسانە لەو سەركەوتووتر و باشترن، ئەوكات هەست بە غیرە و حەسوودی دەكات، چونكە غیرەو حەسوودی، دوو هەست و شعوری سروشتین، لای هەموو كەسێك هەیە، بەڵام بە بری جیاواز، واتە لای هەندێك كەس زۆرە و لای هەندێكی تر كەم، كەواتە تۆ بە هەموو پێوەرەكان كەسێكی سەركەوتوویت و لەسەر رێچكەی ئاسایی خۆت دەڕۆیت، ئەگەر كەسێك هیچی نەبێت، كەس باسی ناكات، لەبەرئەوەی نابنە مایەی هەڕەشە بۆیان، بەڵام تۆ لەبەرئەوەی زانكۆت تەواو كردووە، كەسێكی رۆشنبیریت، چەند زمان دەزانیت و خاوەنی پیشە و كاری خۆتی، بێگومان زۆر لەو كەسانەی كە بەو شێوە رەفتارت لەگەڵ دەكەن، وا هەست دەكەن كە تۆ بەشی ئەوانت خواردووە، كاتێك تۆ دەبینن هەست بە كەمی و بچووكی خۆیان دەكەن و كەم و كورتییەكانی خۆیان بیر دەكەوێتەوە، كارێكی ئاساییە كە بە خراپ باست بكەن و تیر و توانجت تێ‌ بگرن، لەبەرئەوەی تۆ سەرچاوەی هەستكردن بە كەمی ئەوانیت، بێگومان لەوەش دڵنیابە كە كەسانی سەركەوتوو بە هیچ شێوەیەك بە خراپ باسی تۆ ناكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان خۆشیان سەركەوتوون و هەست بە كەمی ناكەن و تۆ بە سەرچاوەی هەڕەشە نازانن، بۆیە دەبێت تۆ لە جیاتی ئەوەی هەست بە كەمی بكەیت و خەفەت بخۆیت، شانازی بە خۆتەوە بكەیت كە كەسێكی سەركەوتویت و كەسانی تر ئیرەیت پێدەبەن، هەموومان دەزانین كاتێك دارێك بەردارە، خەڵكی پلار و داری تێدەگرن و بە هیچ شێوەیەك كەس دار و پلار لە داری روتەڵە و  بێ‌ بەرهەم ناگرێت، بۆیە دەبێت تۆ گرنگی بە خاڵە بەهێزەكانت بدەیت بە پێچەوانەی كەسانی تر كە تەنها گرنگی بە خاڵە لاوازەكانت دەدەن .

خەڵك جۆراوجۆرن

دەبێت شارەزای سروشتی مرۆڤایەتی ببیت، نەكەی وەك فریشتە یان شەیتان مامەڵەیان لەگەڵ بكەیت، چونكە مرۆڤ نە هەموو كات شەیتانە و نە هەموو كاتیش فریشتەیە، بەڵكوو تێكەڵەیەكە لە هەردووكیان، خەڵك جۆرا و جۆرن، هەر یەكە و جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەریەكە و بە جۆرێكی جیاواز بیر لە تۆ دەكەنەوە، بە پێی بەرژەوەندی و بارودۆخەكان، گۆڕانكاریی لە بیركردنەوە و رەفتاریاندا روودەدات. لەبەرئەوە تەنها راوبۆچوونی خۆت دەرببڕە و بە هیچ شێوەیەك دەمە دەمە و مجادەلەیان لەگەڵ مەكە، هێرش مەكەرە سەریان، وەك خۆیان قبوڵیان بكە.

ئاواتەخوازن وەك تۆ بن

دەبێ تۆ ئەو قسە و قسەڵۆك و تیر و توانجانەی كەسانی تر بكەیت بە هەوێنی سەركەوتنی زیاتر، حەز دەكەم ئەوەشت پێبڵێم كە ئەو كەسانە لە ناخەوە ئاواتەخوازن وەك تۆ بن، بەڵام ئەوەیان پێناكرێت، بۆیە پەنا بۆ ئەو رەفتارانە دەبەن، چونكە ئەگەر ئەوە نەكەن، ئەوا لە ئەنجامی ئەو غیرە و خەم و خەفەتەی هەیانە، تووشی ئازاری دەروونی دەبن، ئینجا بۆ ئەوەی ئەو جۆرە كەسانە زیاتر غەمبارتر بن، تۆ گوێ‌ بە قسە و قسەڵۆكەكانیان مەدە، لەسەر كار و چالاكی خۆت بەردەوام بە، پلان بۆ داهاتووت دابنێ‌، ئەوان بۆیە بەو شێوەیە مامەڵەت لەگەڵ دەكەن، بۆ ئەوەی لەلایەك تووشی خەم و خەفەتت بكەن، لەلایەكی تریشەوە لەو پێشكەوتنانەت كەم بكەنەوە، وات لێ بكەن كە راوەستیت و زیاتر هەوڵ نەدەیت، بۆیە تۆ دەبێت هەر بەرەو پێشەوە بڕۆیت، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەیان نەیەنە دی.

توانای نییە هەیبێت

ئەو رەفتارانەی كەسانی چواردەورت بۆ چكۆسی (غیرە) و ئیرەیی (حسودی) دەگەڕێتەوە، كەسێك هەست بە چكۆسی (غیرە) بكات، ئەوا لە ناوەوە ئاواتەخوازە ئەو شتانەی هەبێت كە تۆ هەتە، بەڵام لەبەرئەوەی نییەتی، یان توانای نییە هەیبێت، بۆیە پەنا بۆ ئەو گاڵتە پێكردن و باسكردنی ئەو چەند خاڵە لاوازەت دەبات، ئەوەش بزانە هەموو مرۆڤێك خاڵی لاواز و بەهێزی هەیە، بەڵام مرۆڤی گەورە و سەركەوتوو ئەو كەسەیە هەوڵبدات بەردەوام ژمارەی خاڵە لاوازەكانی كەم بكاتەوە و ژمارەی خاڵە بەهێزەكانی زیاتر بكات، لەلایەكی تریشەوە ئەو كەسانەی كە ئیرەیی (حسودی) دەبەن، پێچەوانەی ئەوانەی كە غیرە دەكەن، ئاواتەخوازن ئەوەی كەسی بەرانبەر هەیەتی نەیمێنێ،‌ واتە هەموو كات هەر بیر و هۆشیان لای ئەو كەسانەیە كە خاوەنی بەهرە و توانان، لەهەمان كاتیشدا كەسانی حەسوود خۆیان پشتگوێ‌ خستووە، واتە بەردەوام ئەو كەسەی ئیرەیی (حسودی) دەكات، سەرقاڵی ئەو ناز و نیعمەتەیە كە كەسانی تر هەیانە و هەر چاوی لەوەیە ئەو كەسەی ئیرەیی (حسودی) پێدەبات، ئەو ناز و نیعمەتەی هەیەتی لە دەستی بچێت‌، بێگومان ئەوەش نایەتە دی، بۆیە بەردەوام كەسی حەسوود بە دەم ئازاری رق و كینە و ئیرەییەكەیەوە دەتلێتەوە، واتە لە جیاتی ئەوەی كەسی حەسوود هەوڵبدات و خۆی ماندوو بكات بۆ ئەوەی ئەو شتانەی دەست بكەوێت كە كەسانی تر هەیانە، بەردەوام ئاواتەخوازی ئەوەیە، ئەوەی كەسانی تر هەیانە لەناو بچێت و نەمێنێت، كەواتە تۆ دەبێت لەسەر هەوڵ و كۆششەكانت بەردەوام بیت، بۆ ئەوەی حەز و ئاواتەکانی كەسانی حەسوود نەیەنە دی.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP