دواین هەواڵ

عێراق‌

 02/11/2024

حەلبوسی بە ناچاری رازیبوو بە پشتیوانیكردنی مەشهەدانی

هەرێم نیوز

مەشهەدانی سەرۆك پەرلەمانێكی سوننی بە ئەجێندای شیعییەوە"بەڵێنی بە شیعەكان داوە یاسای هەڵبژاردن بگۆرێ‌ و هەمواری یاسای باری كەسیش تێپەڕێنێت"

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (الشرق الاوسط): حەلبوسی پشتیوانی هەڵبژاردنی مەحمود مەشهەدانی نەدەكرد، بەڵام ناچاربوو ئەوەبكات بە سازانێكی دەگمەن لە گەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، كە دەستی باڵای هەبوو لە تێپەڕاندنی مەشهەدانی (هاورێ دێرینی).

حەلبوسی پەنای بۆ بژاردەی مەشهەدانی برد، بۆ ئەوەی رێگە لە سالم عیساوی بگرێت ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.

رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، حەلبوسی پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوتم(كەروێشك دەوێت كەروێشك بەرە، ئاسك دەوێت كەروێشك بەرە) واتە تاكە بژاردە مەشهەدانیە بۆیە رازیبووە پێی.

كاتێك گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن تەواوبوو بەبێ‌ یەكلایكردنەوەی سەرۆك، لەگەڕی دووەمدا هاوكێشەكە سەروژوور بوو لەگەڵ گەیشتنی سەركردەی حزبەكان بۆ پەرلەمان.

مالیكی و حەلبوسی دیارترینی ئەوانە بوون گەیشتنە پەرلەمان ،و زۆر بەتوندی فشاریان كرد لە پەرلەمانتارەكانیان بەوەی دەنگبدەن بە مەشهەدانی.
میشعان جبوری، سیاستمەداری عێراقی، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: سەرۆكی كوتلەكان لەسەر قادرمەیەك دانیشتبون كە دەچووەوە سەر سەكۆی دەنگدان لەناو هۆڵی پەرلەمان، داوایان لە پەرلەمانتارەكان دەكرد وەرقەی دەنگدانەكەیان پیشانبدەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی دەنگیان داوە بە مەشهەدانی.
جبوری ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكی پەرلەمان پێشتر لە كۆبونەوەیەكدا لە ماڵی مالیكی یەكلاكراوەتەوە، كە هەریەك لە عەممار حەكیم و هادی عامری و مەشهەدانی و حەلبوسی ئامادەیبون.

مەشهەدانی وەك تاك خۆی هەڵبژاردبوو، لەسەرەتاوە پشتیوانی مالیكی هەبوو، توانی قەناعەت بە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بكات بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنی كاندیدێك لە سودانی پشتیوانی لێدەكات، وێڕای ئەوەی لە سەرەتای پرۆسەی سیاسیەوە ئێران پشتیوانی لێدەكات.
بەوتەی جبوری، مەشهەدانی بەڵێنی بە شیعەكان داوە بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان و، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتی، سەرەڕای راسپاردەكانی كۆمەڵگەی فیقهی سوننی بەوەی دەنگی پێنەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP