هەرێم نیوز
شارەزایەکی ئەمنی ڕایدەگەیەنێت، مەترسی هەیە ئیسرائیل بۆردومانی گروپە چەکدارەکانی عێراق بکات و سەرکردەکانیان لە بەغداد بە ئامانج بگرێت.
ئەحمەد ئەلتەمیمی، شارەزای ئەمنییە ڕایگەیاند، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە، زەمینەسازییە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە بەغداد، کردەی کوشتن و بۆردومانی گروپە چەکدارەکان بکات.
وتیشی: ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس پشتی بە زانیاری سەرچاوەی هەواڵگری ئیسرائیلی بەستووە، ئەمەش واتە ئاماژەیەک دەنێردرێت و مەبەستە سەرەکییەکە ئەوەیە ئیسرائیل دەست بوەشێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە گروپە عێراقییەکان توانایان هەڵکشاوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی دەیان درۆن و موشەک لە یەک کات ئاراستەی ئیسرائیل بکەن. چونکە ئەو بابەتە پێویستی بە تیمی تایبەت و توانای لۆجستی و ژینگەیەکی لەبار هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کاری لەو جۆرە بکەن.
ڕوونیکردەوە، هەواڵگری ئیسرائیل لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت زەمینەی ئەوە بڕەخسێنێت، کە بەرگری لە خۆی دەکات و ئەگەر هێرش بکاتە سەر گروپە عێراقییەکان، وەک پەرچە کردارێک هەژمار بکرێت، نەک کردەوەیەکی دەستپێشخەرانە.
جەختیشی کردەوە، عێراق لە ڕووی سیاسییەوە کاری جددی کردووە بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لە شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکە و خۆی لە ململانێکان بەدوور گرتووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل، دوێنێ بڵاویکردەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و وەڵامی هێرشە فراوانەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران بداتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، لیوا حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە ئانوساتی دیاریکراودا وەڵامێکی ئەوتۆی ئیسرائیل دەداتەوە، کە پێشبینیان نەکردبێت.