دواین هەواڵ

جیهان‌

 14/10/2024

حزبوڵلا: توانیومانە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل ببەزێنین

هەرێم نیوز

حزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر شاری حەیفا، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە و 67 کەس برینداربوون. دۆخی 9 لە بریندارەکان جێگیر نییە. رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ کەس کوژراون."

شەوی یەکشەممە، 13ی10ی2024، میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حزبوڵڵا بە درۆن هێرشێ کردە سەر ناوچەی بنیامینا لە شاری حەیفا. زەنگی ئاگادارکردنەوە پێش هێرشەکە لێنەدرا و بەرگریی ئاسمانیش فریای بەرپەرچدانەوەی درۆنەکە نەکەوت. لە ئەنجامدا 67 کەس بریندار بوون.

حزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "لە ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتی و ئاڵۆزدا، هێزی موشەکیی بەرخۆدانی ئیسلامی بە ئامانجی له‌ناوبردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەیان موشەکی بەرەو ئامانجە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەکانی نەهاریە و عكا هەڵداوە".

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هێزی ئاسمانیی مقاوەمەی ئیسلامی، هەندێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی هەڵیان داون بۆ یەکەمجارە بەکاریان دەهێنرێن، ئەو درۆنە تایبەتانە توانیویان مەودای ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل تێپەڕێنن بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێن، کە دواتر کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی لیوای بژاردەی جۆلانیان بۆمباران کرد، لە ناوچەی بینامینە، باشووری شاری حەیفا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "درۆنەکان لەو ژوورانەدا تەقیوەتەوە کە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئیسرائیلی تێدا بووە کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەشداریی لە هێرشەکەی سەر لوبنان، لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵای تێدا بووە،  دەیان کەسیان کوژران و بریندار بوونە".

هاوکات سوپای ئیسرائیل لەئەگەری ئەوە دەکۆڵێتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پێشئەوەی لەشوێنی ئامانجەکەی بتەقێتەوە، یەک یان چەند موشەکێکی ئاراستەی شوێنەکە کردبێت.

حزبوڵڵا خاوەنی ئەم جۆرە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، بەوپێیەی پێشتر بەڵگەنامەی بەئامانجگرتنی شوێنی سەربازی ئیسرائیلی میتولا بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر کە بەموشەکی S5 تەیارکراوە، لەناوەڕاستی مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە.

ئیسرائیل هیوم باسی لەوەکردوە، به‌گوێره‌ى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلوبنانەوە بۆ سنوری ئیسرائیل پەڕیونەتەوە، یەکێکیان لەکەناراوەکانی کریوت لەحەیفا ڕێگری لێکراوە، ئەوی دیکەشیان دۆزراوەتەوەو لەڕاستیدا شوێ پێىی گیراوە، بەڵام دواتر لەڕادارەکان بزربوە، چونکە لەبەرزایییەکی نزمدا فڕیوە،  لەئەنجامدا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک چالاک نەبوە پێشئەوەی ئامانجەکە بپێکێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP