دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندەکەی ئەمریکاو ئە.حمەد شەرع بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی باس لەوەدەکات، لە کۆبوونەوەی شاندی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، بەرپرسی ئیدارەی نوێی سووریا گفتوگۆ لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرکردنی دەستەی تەحریرولشام لە لیستی تیرۆری ئەمریکا کراوە.

بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: کۆبوونەوەکە کرا. کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو.

بڕیاربوو دوای کۆبوونەوەکە، شاندی ئەمریکا لە هۆتێلێکی پایتەختی سووریا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی پێشكەش بکات، بەڵام رەنا حەسەن، ئەندامی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند، "لەبەر هۆکاری ئەمنی" کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە هەڵوەشێنراوەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 20:30 بە کاتی دیمەشق (هەمان کاتی هەولێر) بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع "باش و بەرهەمدار" بووە.

هەروەها میدیای سووریا ئاماژە بەوە دەکات، لە گفتوگۆکاندا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرهێنانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە لیستی تیرۆر کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سێ دیپلۆماتی باڵای ئەو وڵاتە لە دیمەشق گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی سۆراخی ئۆستن تایس، رۆژنامەوانی ئەمریکی و هاووڵاتییە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەی ئەمریکا بکەن.

ئەمە یەکەمین شاندی ئەمریکییە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی دیمەشقی کردبێت.

 پێشتریش هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا شاندیان بۆ دیمەشق ناردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە و باسیان لە دروستکردنی پەیوەندی نێوانیان کردووە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP