هەرێم نیوز
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، ئەمریکا پاداشتی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرعی هەڵگرتووە.
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای کۆبوونەوەکەی لە دیمەشق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا پێمان گوت، کە لەمەودوا پاداشت لەسەر دەستگیرکردنی دانانێین."
باربارا لیف ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەحمەد شەرع پێشوازی لە پەیامە ئەرێنییەکانی ئەمریکا کردووە و بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داوە."
باربارا لیف باسی لەوەشكرد، "سەردانی ئەمڕۆمان بۆ دیمەشق دەرفەتێک بو بۆ گوێگرتن لە سوریاییەکان، گوێم لە چالاكوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندامانی پێکهاتە جیاوازەکان و دەنگە جیاوازەکان گرت، لەبارەی بۆچونیان بۆ داهاتوی سوریا و چاوەڕوانیەكانیان لە ئێمە".