هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ناوچەكە ڕوبەڕوی ئالنگارییەكی چارەنوسساز دەبێتەوە و ئەوان وەكو عێراق ڕیگەنادەن ئاسمانی وڵاتەكە وەك بەشێك لە جەنگەكە بەكاربهێندرێت، دەشڵێت، نامانەوێت شەڕ لە ناوچەکەدا تەشەنە بکات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانیەكەی لە بەغدا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەردەوامی دەستدرێژییەكان بۆ سەر كەرتی غەززە و لوبنان، ناوچەكە ڕوبەڕوی ئالەنگارییەكی چارەنوسساز دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حکومەتی عێراق هۆشداری دەدات لە فراوانکردنی مەودای شەڕ لە ناوچەکەدا و ئەوان وەك عێراق ڕیگەنادەن ئاسمانی وڵاتەكە وەك بەشێك لە جەنگەكە بەكاربهێندرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشكرد، حكومەتی عێراق بڕیاری ئەوەی نەداوە بەشداری شەڕەكان بكات و ملكەچی بڕیارەكانی هەر سێ دەسەڵاتەكەی عێراق دەبن.
ئەوەشی خستەڕو، بەردەوامی جەنگەكانی ناوچەكە كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتیاری هەیە و دبێتە هۆی دروستبونی قەیرانی نێودەوڵەتی وزە و دوپاتی دەكەنەوە فراوانكردنی مەودای شەڕ و بەكارهێنانی عێراق قبوڵ نەكراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکەی عراقچی بۆ بەغدا، تاوتوێکردنی هەوڵەکانە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئاگربەست لە لوبنان و غەززە، لە کاتێکدا ئێران و عێراق هەڵوێستێکی هاوبەشیان دەبێت لەسەر شەڕ و ڕێگریی لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان و پێکەوە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئاشتییەوە ناوچەکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل دوور بخەنەوە.