دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران یەک لەسەر سێی مووشەکە پێشکەوتووەکانی خۆی بەکارهێناوە

هەرێم نیوز

کەناڵی "کان 11"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێران، لە هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر ئیسرائیل، یەک لەسەر سێی مووشەکی پێشکەوتووی خۆی بەکارهێناوە و ئێستا تەنها نزیکەی 400 مووشەکی پێشکەوتووی لە جبەخانەکەیدا هەیە.

بە پشت بەستن بەو خەمڵاندنانەی کە ئەم میدیایە بڵاویکردۆتەوە، تاران پێش هێرشەکە نزیکەی ٦٠٠ مووشەکی "کوالیتی بەرز"ی هەبووە و بە بەکارهێنانی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ مووشەک لەم هێرشەی دواییدا، تەنیا نزیکەی ٤٠٠ مووشەکی دیکە لە جبەخانەی ئێراندا ماونەتەوە.

ئەم میدیایە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی ئەم ژمارەیە لە مووشەکەکان، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر توانا سەربازییەکانی ئێران هەبووە، ڕاشیگەیاندووە کە ئەو مووشەکانەی لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئێران بەکارهێنراون، یەک لەسەر شەشی کۆی مووشەکی بالیستیکی تارانن، کە بە پێی ڕاپۆرتی میدیا بیانییەکان، مەزەندە دەکرێت ژمارەیان تا ۲۰۰۰ مووشەک بێت.

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانی سەردانێکیدا بۆ بەشی هەواڵگری سەربازی وڵاتەکەی وتی: هێرشەکانی ئێران شەڕانگێزانە بوون بەڵام وردبینییان تێدا نەبوو. ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشەی ئێران "کوشندە، ورد و سەرسوڕهێنەر" دەبێت و ئێران نەک هەر لەوە تێناگات کە چی ڕوویداوە، بەڵکو بێ ئاگا دەبێت لەوەی هێرشەکەمان چۆن دەبێت. ئەوان تەنیا ئەنجامەکەی دەبینن."

نیشاندانی هێزی ئەم دواییەی ئێران دوای هێرشە ئاسمانییەکەی پێشووی بوو لە مانگی نیساندا و شارەزایان پێیان وایە ئەو مووشەکانەی لەم دوایین هێرشەدا بەکارهێنراون کوالیتی بەرزتر بوون. ئەم کارە وایکردووە شرۆڤەکاران لە ستراتیژی و توانای سەربازی تاران بپشکنن.

کەناڵی "I24" نیوزی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ناوی نەهێنراوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران بەشێکی بەرچاو لە توانا پێشکەوتووەکانی لەو ئۆپەراسیۆنەدا "بەفیڕۆ داوە" و "هێشتا بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP