دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پڕۆژەی ئێران 40 ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشەی پێکرا

هەرێم نیوز

هاوکات لەگەڵ نادڵنیایی لەبارەی ئاراستەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، جارێکی دیکە ئەحمەد ئەلشەرع، فەرماندەی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە نوێنەری چەند گروپێکی چەکداری لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دەستەی تەحریر شام، جارێکی دیکە جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی هەمەجۆریی لە سوریا کردەوە.

ئەحمەد ئەلشەرع دەڵێت: ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت وڵاتێکی بەقەد سوریا و سامانەکەی بە پێکهاتە هەمەچەشنەکانیەوە تەنها بە یەک بۆچوون و دیدگا حوکمڕانی بکرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، ئەلشەرع، کە پێشتر بە ئەبو محمد جۆلانی ناسرابوو، ڕایگەیاند کە جیاوازی بیروڕا تەندروست و ئەرێنییە و دەشڵێت: ئەو سەرکەوتنەی بەدەست هێنراوە سەرکەوتنی یەک گروپ نییە بەسەر یەکێکی تردا، بەڵام هی هەموو خەڵکی سوریایە."

پەیوەندییەکانی ناوچەکە و پێگەی سوریا

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە داهاتوودا سوریا "نابێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی عەرەبی یان کەنداو و نابێتە هۆی هیچ نیگەرانییەک بۆ ئەو وڵاتانە".

پڕۆژەی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە

فەرماندەی "بەشی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان" زیاتر ڕوونی کردەوە کە دەستکەوتەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان "بە کەمترین زیان" توانیویانە پڕۆژەی ئێران لە ناوچەکەدا بۆ 40 ساڵ پاشەکشە پێبکەن.

ناوبراو هەروەها وتی، ئاسایشی ستراتژیکی وڵاتانی کەنداوی گرەنتیکراوە و و ڕایگەیاند کە پڕۆژەی ئێران پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.

فایلی زیندانیان و بێسەروشوێنکراوەکان

سەبارەت بە پرسی زیندانیان و بێسەروشوێنەکان، ئەلشەرع ڕایگەیاند کە "چەند ڕێکخراوێکی تایبەتمەند هەنگاویان ناوە بۆ هاوکاریکردن لەم بوارەدا".  ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتێکی تایبەت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دادەمەزرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی ونبووەکان بە زیندوو و مردووەوە دیاری بکرێت و کاروباری خێزانەکانیان بە بڕوانامەی مردن و دۆسیەی میراتیشەوە ئاسانکاری بۆ بکرێت.

"کۆشکی گەل"

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی لە "قەسری شەعب"، شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی بەشار ئەسەد، ئەلشەرع ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم شوێنە کراوە بێت بۆ هەموو سوورییەکان.

سەبارەت بە هەستی دانیشتنی لە پێگەی بەشار ئەسەد، بە پێکەنینەوە وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە من بە هیچ شێوەیەک ئاسوودە نیم.

حکومەتی ئینتقالی و هەنگاوەکانی داهاتوو

دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ٨ی ئەم مانگە، محەمەد بەشیر وەک سەرۆکی حکومەتی ئینتقالی تا مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو (٢٠٢٥) دەستنیشانکرا و وەزیرەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دەستنیشانکران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP