دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

راکردنى ئەسەد بە رێککەوتن بووە لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر پاراستنیدا

هەرێم نیوز

بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوو و هەڵاتووى سوریا چەند کاتژمێرێکى زۆر کەم بەر لە دیارنەمانى کۆمەڵێک زانیاری هەستیار و سەربازیی داوەتە ئیسرائیل لەبەرامبەر ئەوەدا بە سەلامەتى بگاتە روسیا و پێدەچێت دامەزاراوە تەکنۆلۆژییەکانى ئیسرائیلیش لەو بوارەدا هاوکاریی ئەسەدیان کردبێت.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى عەبدولقادر سیلفى کە لە رۆژنامەى حوڕییەتى تورکیادا بڵاویکردووەتەوە ، ئەسەد لیستێکى تایبەت و هەستیاری داوەتە ئیسرئیلییەکان کە بریتین لە (کۆگاکانى چەک، فڕۆکە سەربازییەکان، سیستەمى موشەک)، ئەوەش لە بەرامبەر ئەوەدا کە ئیسرائیل لەکاتى هەڵاتنیدا بیپارێزێت، ئەم زانیارییانەش لە رۆژنامەى (زە سەن)ى بەریتانیدا پشتڕاستکراوەتەوە.

رێککەوتنە گوماناوییەکەى نێوان ئەسەد و ئیسرائیل لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجامدراوە، هەربۆیە ئیسرائیلیش بە خێرایی هێرشى کردوەتە سەر شوێنە هەستیارەکانى سوریا و ئەو رۆژنامە نووسەش ئەمەى وەک سەلمێنەرى قسەکانى خستووەتە ڕوو، وەک رۆژنامەکانیش بڵاویانکردوە لە ماوەیەکى زۆر کەمدا ئیسرائیل نزیکەى 500 هێرشى ئاسمانى کردە سەر شوێنە هەستیارەکانى سوریا و هەموویانى لەناوبرد، ئەوە لەکاتێکدا کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا لە مەستى سەرکەوتنەکانیاندا ئاگایان لەو هێرشانە نەبوو، یان راستتر پێشیان خۆش بوو.

هەربۆیە ژمارەیەکى زۆر لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە ئیسرائیل هەموو ئەو شوێنانەى بۆردومانکردووە کە ئەسەد زانیارییەکانى رادەستکردوون، لەبەرامبەردا ئەسەد بە هەلیکۆپتەرێکى تایبەتى بەرەو مۆسکۆ هەڵاتووە و لە لایەن ڤلادیمێر پۆتنەوە مافى پەنابەریی سیاسی پێدراوە، بە گوێرەى سەرچاوەکان ئەو فرۆکە هەلیکۆپتەرەى کە ئەسەدى گواستوەتەوە بەر هیچ رادارێک نەکەوتووە و پێدەچێت ئەم کارەش تەکنۆلۆژیاى ئیسرائیل بۆى دەستەبەرکردبێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە مۆسکۆ بڵاوکراوەتەوە، ئەسەد پێی راگەیاندوون هیچ بژاردەیەکى دیکەى لەبەردەستدا نەبووە جگە لە هەڵاتن لەبەر ئەوەى فرۆکەخانەى روسیەکانیش لە لازقییە کەوتبووە بەر هێرشى فرۆکە بێفرۆکەوانەکان و ئەوەش وایکردووە کە تەنها بیر لە هەڵاتن بکاتەوە.

لە لایەکی تریشەوە دواى هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانى سوریا، ئەحمەد شەرع – ناسراو بە ئەبومحەمەدى جۆلانی- رایگەیاند ئەوان هیچ هێرشێک ناکەنە سەر ئیسرائیل و رێگەش بەهیچ لایەنێک نادەن خاکی سوریا لە دژى ئیسرائیل بەکاربهێنن، گوتیشى دۆخی سوریا بەشى ئەوە ناکات کە ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل بەرپابکات، لەبەر ئەوەى جەنگی چەند ساڵە  خەڵکی سوریاى تەواو ماندوو شەکەت کردووە.

هەربۆیە گومانەکان بۆ ئەوە دەچن ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە سوریا هاتوونەتە پێشەوە پلانێکى وردی بۆ دانراوە و رۆژنامەکانیش جەختیان لەوە کردەوە لایەنى براوەى جەنگەکە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانى بوون لە گەڵ تورکیا و دۆڕاوى راستەقینەش روسیا و هاوپەیمانەکانى بوون لەسەروو هەمووشیانەوە ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP