دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: دوای سەرکەوتن بەسەر حەماس و حیزبوڵڵا و ڕووخانی ئەسەد، ئامانجی داهاتووی نەتانیاهۆ ئێرانە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی دوای سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر حەماس و حیزبوڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، "ئێران ئامانجی داهاتووی بنیامین نەتانیاهۆیە" و ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی نەکشێتەوە، ئەوە ئەگەری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە نەتانیاهۆ ئامادەیە بۆ " تەماحی ئێران بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی سفربکاتەوە و هەڕەشەکان لەسەر ئیسرائیل پووچەڵبکاتەوە.

 ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی لە زاری شرۆڤەکارانەوە جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سەختدایە؛  بەم شێوەیە یان دەبێت بەردەوام بێت لە بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی یان چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە و بە دانوستانەکان ڕازی بێت.

غەسان ئەلخەتیب، شرۆڤەکاری فەلەستینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشەکشە نەکات، ئەوا ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ و نەتانیاهۆ ڕەنگە هێرش بکەن، چونکە "ئێستا هیچ شتێک نییە ڕێگرییان لێبکات".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی ڕابردوو وتی: ئەگەری ئەوە هەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، ئامادەی سازشکردن بن.

جوست هیلترمان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاندووە: ئێران زۆر لاوازبووە لەبەرامبەر هێرشی ئیسرائیل، بەتایبەت بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی "گۆڕینی ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، جەختی لەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردوو، هێز و دەسەڵاتی ئیسرائیلی بەئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا پیشاندا.

لەلایەکی دیکەوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە دوای ڕووخانی ئەسەد، ئەندامانی تیمی ترەمپ بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ بژاردە بەردەستەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگات، لەوانەش ئەگەری هەیە هێرشی ئاسمانی پێشوەختە بکرێتە سەر ئێران.

هەروەها سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە وەک کەسایەتی ساڵ لە تایم مەگەزین هەڵبژێردرا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم گۆڤارە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەدوور نەزانی.

هەروەها لە ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕۆیتەرزدا باس لە سیناریۆکانی بەردەست تایبەت بە غەززە کراوە.

پێشهاتەکانی سوریا و داهاتوو

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز نووسیویەتی، دوای لابردنی ئەسەد، سووریا لە دۆخێکی مەترسیداردایە و گەورەترین نیگەرانی لای سوورییەکان و چاودێران ئەوەیە کە دەستەی تەحریر شام کە سەردەمانێک پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە هەبووە، ئێستا وەک هێزێکی نیشتمانیی مامەڵە دەکات یان دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی؟

لە درێژەی جموجۆڵە سیاسییەکانی سوریادا، سێ دیپلۆماتکاری ئەمریکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گەیشتنە دیمەشق بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی تەحریر شام.

لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە سوریا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

حکومەتی کاتیی سوریا نامەیەکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و سکاڵای لە ئیسرائیل کردووە بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر سوریا، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.

نەتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "هیچ خواستێکی" بۆ ململانێ لەگەڵ سوریادا نییە و سیاسەتی بەرامبەر بەم وڵاتە لەسەر بنەمای ئەو واقعەیە کە لە مەیدانەکەدا ڕوودەدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP