دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

بەرپرسێکى باڵاى عێراق نهێنییەکانى ئەگەرى هێرشکردنە سەر وڵاتەکەى لە لایەن ئیسرائیلەوە ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز
بەرپرسێکى باڵای حکومەتى عێراق بۆ رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى پشتڕاستکردووەتەوە کە محەمەد شیاع سودانى چوارچێوەى هەماهەنگى لە مەترسییەکانى هێرشى ئیسرائیل ئاگادارکردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدا کە تاران لە هەوڵی ئەوەدایە گرووپە عێراقییەکان لە بازنەى ئەو جەنگە چاوەڕوانکراوە تێوە بگلێنێت، ئەم نیگەرانى و دڵەڕاوکێیە لەکاتێکەوە زیادیکردووە کە عێراق لە رۆژى هەینى رابوردوو 4ـى تشرینى یەکەم بە دوو درۆن هێرشیکردە سەر سوپاى ئیسرائیل لە جۆلان و دوو سەربازی کوشت.

ئەو بەرپرسە باڵایە بەمەرجێک قسەى بۆ شەرقلئەوسەت کردووە کە ناو و پۆستەکەى ئاشکرانەکرێت، رایگەیاندووە، سودانى هەندێک هەنگاوی خێراى هاویشتووە لە پێناوى ئەوەدا جەنگەکە بەرۆکی عێراق نەگرێت و بۆ ئەو مەبەستە بەخێرایی پەنای بردووەتە بەر ناوبژیوانانى سیاسی، بۆ ئەوەى گروپە چەکدارەکان قەناعەت پێبکات کە عێراق لەو شەڕەوە نەگلێنن، لەو میانەیەشدا سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی لە مەترسییەکانى هەڵایسانى ئەو جەنگە ئاگادارکردووەتەوە، راشیگەیاندووە ئەو جەنگە لە رێگەى چەکێکەوە ئەنجام دەدرێت کە لە دەرەوەى سنوورەکانەوە بەنایاسایی هێنراون.
ناوبژیوانى سودانى:

سەرچاوەکەى شەرقلئەوسەت لەبارەى ئەو ناوبژیوانانەوە کە سودانى پەناى بۆ بردوون تا لە هەڵگیرسانى جەنگ دووربکەونەوە، رایگەیاندووە ، سودانى داواى لە سێ کەسایەتى بەهێزکردووە بۆ ئەوەى ئەو کارەبکەن، لە سێ ساڵی رابوردوودا کارى لەو جۆرەیان کردووە و کاریگەریی خۆشیان هەبووە، ئەوە لە کاتێکدا لەنێو چوارچێوەى هەماهەنگیدا زانیارى تەواوهەیە کە سوپاى ئیسرائیل 35 پێگەى گرنگی لە عێراق دیاریکردووە بۆ  ئەوەى هێرشیان بکاتە سەر.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە عەمار حەکیم یەکێکە لەو کەساسەتییانە بەڵام ناوى دوو کەسەکەى دیکەى نەبردووە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت ئەو دوو لایەنەى کە پێداگریی دەکەن لە سەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە مووشەک  و درۆن ئەکرەم کەعبی سەرۆکی بزووتنەوەى نوجەبا و ئەبوحسێن حەمیداوی سەرکردەى حیزبوڵاى عێراقین. ئەوە لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانى عێراق دەزانێت چ زریانێکی جەنگی بەرەو عێراق بەڕێوەیە و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرینەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی ئاگادارکردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى گوتووە سودانى بە چوارچێوەى هەماهەنگی راگەیاندووە هەرچییان کردووە دەبێت نەهێڵن ئەو جەنگە بەرۆکی عێراق بگرێت.

رۆژى هەینی و لە هەمان ئەو رۆژەى کە لە عێراقەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل عەلى خامەیی رێبەرى کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارى هەینى تاراندا بە زمانى عەرەبی گوتى هاوپەیمانانى کۆماری ئیسلامی ئێران پاشەکشە ناکەن. 
هەوڵەکانى حکومەت بۆ فراوان نەبوونى جەنگەکە:

بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانى و هەواڵگرییەکان حکومەتەکەى سودانى لەوانەى پێش خۆی باشترن بۆ رێگریی کردن لە چوونە دەرەوەى پارەى قورس بە نایاسایی، زۆرینەى ئەو پارانەى چوونەتە دەرەوەى عێراق بە شێوەى فەرمی و لە دەروازەکان یان لە رێگەى بانکەکانەوە بووە، بەجۆرێک دەتوانرێت بگوترێت تا رادەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵ کراوە پێدەچێت ئەمە یەکێک بێت لەو کارانەى کە ئێرانى لە سودانى تووڕەکردبێت.
بەرپرسە عێراقییەکە ئەوەشى رونکردووەتەوە کە هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى جەنگى نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە 7ـى ئۆکتۆبەرى ساڵی پارەوە ئەمریکا بەردەوام عێراق ئاگادارکردوەتەوە قاچى لەو جەنگەوە نەئاڵێت و نەچێتە نێو جەنگەکەوە.

ئەو بەر پرسە باڵا عێراقییە راشیگەیاندووە ئەمریکا کێشەى لەوەدا نییە کە عێراق بە یاننامە دەربکات و لە میدیاکانیەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام نابێت هاوکاریی دارایی و سەربازیی و هێرشى راستەوخۆبکاتە سەر ئیسرائیل، یان پشتوانى لە گروپە چەکدارەکان بکات لەو بارانەوە.
بەرپرسە عێراقییەکە باسی لەوەشکردووە کە ئێران بەجۆرێک لە جۆرەکان فێڵی لە گروپە چەکدارەکانى نزیک لەخۆی کردووە، هەندێکجار پێیى گوتوون بڕیار لاى خۆتانە، بەڵام لە راستیدا ئامانجی ناڕاستەوخۆی ئەوەبووە کە هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، هەندێکجاریش بۆ ئەوە بووە کە بیانکاتە فشارێک بەسەر حکومەتى عێراقەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP