دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

لێکەوتەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران چی دەبێت؟

هەرێم نیوز

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، لە وەڵامی هێرشی مووشەکیی ئێران لە ڕۆژی سێشەممە، ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وێستگە نەوتییەکانی ئێران. ئەم کارە چ دەرئەنجام و کاریگەرییەکی دەبێت؟

نەوت و گاز شادەماری ژیانی ئابووری ئێران و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی سوپای پاسدارانە.  بۆیە ئامانجێکی ئاشکرایە بۆ ئیسرائیل کە بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت.

وێستگەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دوورگەی خارک-ە کە دەکەوێتە باکووری کەنداو لە نزیکی بەندەری بوشێهر.

لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەو دوورگەیە بووەتە ئامانجی بەردەوامی هێرشەکانی هێزی ئاسمانی عێراق.

ئیسرائیل نیشانی داوە، کە توانای هێرشکردنە سەر ئامانجە دوورەکانی هەیە، بەو پێیەی دوو جار بەندەری حودەیدەی یەمەنی لە دووری دوو هەزار کم بۆردومان کرد، هەروەها هێرشی کردە سەر شوێنێکی ڕاداری ئێرانی لە نزیک ئیسفەهان.

بۆردومانکردنی خارک ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان یان دەبێت ئاسمانی وڵاتانی عەرەبی ببڕن یان تەواوی نیمچە دورگەی عەرەبی تێپەڕێنن، ئەمەش پێویستی بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی بەرفراوان دەبێت.

ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر خارک یان هەر دامەزراوەیەکی تری نەوتی ئێران، کاریگەرییەکەی دوو قات دەبێت.

پێدەچێت لە کورتخایەندا نرخی نەوت بەرزبێتەوە و ئێرانیش بەهەمان شێوە بە توندی تۆڵەسەندنەوە دەکات و ئەمەش وایکردووە ئەمریکا پێشنیاری کردووە ئیسرائیلە بە وریاییەوە هەنگاوبنێت.

قەیرانی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت کاریگەری ئابووری گەورەی هەبێت، بە تایبەت لە دۆخی نەوتدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پیشەسازی نەوتی ئێران، بە دەستەواژەیەکی تەواونەکراو و نادیار وتی "ئێمە دانوستان لەسەر ئەم بابەتە دەکەین".  لێدوانەکانی ئەو بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بە ڕێژەی لەسەدا پێنج.

ئێران حەوتەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، کە نزیکەی نیوەی بەرهەمەکەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکات و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چین هەناردە دەکات.

لە دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ ئیسرائیل، نرخی نەوتی خاو بە ڕێژەی 10% بەرزبووەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 77 دۆلار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP