هەرێم نیوز
بەهۆی نزمی پلەی گەرما و دەستپێکی شەپۆلی سەرما، جەستەی مرۆڤ پێویستی زیاتری بە کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش و خۆپاراستن لە پەتا و هەڵامەت، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەست بە سەرما و ڕێگری کردن لە قەڵەوی، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- میوە مزرەمەنیەکان و کێوی و هەنار و سێو: دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و ئەی و ماددە دژە ئۆکسانەکانی تر.
2- سەوزە گەڵا تۆخەکان : وەک کەلەرم ، قەڕەنابیت ، نەعنا.
3- پاقلەمەنیەکان: بە تایبەت شۆربای نیسک، نۆکاو، لۆبیا، ماش.
4- سیر و پیاز: بۆ بەهێزکردنی بەرگری جەستە چی بە کاڵی یا لە ناو چێشت، هەروەها هەنگوینی سروشتی.
5- زەنجەبیل: گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قوڕگ و کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و بەهێزکردنی بەرگری لەش، دەکرێت ڕۆژانە چای زەنجەبیل یا گیراوەی لێمو و زەنجبیل یا زەنجەبیل و لێمۆ و هەنگوین بخورێتەوە.
6- خواردنەوەی چای گژوگیا وەک چای گوڵەبەیبوون، ڕازیانە ، گوڵەمێخەک ، زەنجەبیل ، چای سەوز لەبری ئەو خواردنەوەی بڕێکی زۆر ماددەی کەڤییان تێدایە وەک چا و قاوەی ڕەش بە تایبەت ئەگەر شەکری تێ بکرێت ، شەوان لە بری چا و قاوە کوپێک شیری گەرم یا چای گژوگیا بخۆرەوە.
7- ماسی سەلموون و توونە و هەموو جۆرە ماسیەکانی تر بە بەرژاوی.
8- سینگی مریشک و قەل و پەلەوەر ، هەروەها گۆشتی سووری بێ چەوری ( کاتی ڕێجیمی کیتۆ و هاۆشێوەکانی نەبێت ).
9- دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی بۆر و قاوەیی ، تۆووی شیا و شۆڤان لە بری ئاردی سپی و برنجی سپی.
10- چەرەسات : گوێز و بادەم و دەنکە کولەکەو گازۆ.
11- خواردنی بڕی پێویست لە ماددە ڕێشاڵیەکان لە ڕێگای خواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار.
12- خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ڕۆژانە لە نێوان ژەمەکان لانی کەم زیاتر لە شەش پەرداخ ڕۆژانە.
د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی
پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک