هەرێم نیوز
قائیمقامی دەربەندیخان ڕایگەیاند، گەنجێکی دانیشتووی دەربەندیخان لەگەڵ باوکیدا لە ئاوی نۆکەندی ئینگلیز بەلەمەکەیان ژێر ئاوکەوتووەو گەنجەکە گیانی لەدەستداوە و باوکەکە ڕزگاری بووە.
سلێمان محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە لە بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی نۆکەندی ئینگلیزدا بووە و گیانی لەدەستداوە، گەنجێکی کوردی دانیشتووی دەربەندیخانە کە لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە ناوی دیاری کامەرانە، تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە دیاری خنکاوە و باوکی رزگاری بووە.
ئەوەشێ خستەڕوو، لەگەڵ باوکی دیاری قسەمان کردووە و پێی گوتووین بێجگە لە خۆی و دیاری کوڕی، کوردی دیکەش لەنێو چووپەکەدا هەبوون، بەڵام تائێستا نازاندرێت جگە لە دیاری؛ ئەوانەی دیکە کە گیانیان لەدەستداوە کێ بوون؟".
قائیمقامی دەربەندیخان دەشڵێت، تەرمی دیاری لە فەرەنسایە و باوکی بە دیار تەرمەکەیەوەیە، چاوەڕێی هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ فەرەنسا بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوڕەکەی.