دواین هەواڵ

کلتور‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

شیكردنەوەیەك بۆ فیلمی سینەمایی کفن

هەرێم نیوز

دەستپێکی فیلمی سینەمایی (start) دەرهێنەر دەبێت لەتوانایدا هەبێت باکگراوندێکی فراوان ببەخشێت بە بەرهەمهێنانی فیلم لەڕوی زنجیرەیی ڕوداوەکان، یان سەرەتای بیرۆکە (ئایدیا) دواتر نمایشکردنی فیلم لەڕوی تەکنیکەکانی پەیوەست بەکامێرا و ڕوناکی و ئیدارەی بەرهەمەوە.

یەکێک لەو هەڵانەی لەوێنەگرتنی ئەم فیلمەدا ڕو دەدات زۆرینەی گرتەکان، دیمەنە نزیکەکان زیاتر لەمادەیەکی بانگەشەیی دەچێت وەک لەوەی لەپێکهاتەی فیلم بچێت، وەک ئەوەیە ئامادە کرابێت بۆ بانگەشە، زیادەڕویکردن لەژەمی دەنگی و جوڵەی لەناکاو وادەکات تەواوی فیلم لاواز دەرکەوێت.

زۆرینەی گرتەکان نزیکن، تەکنیکی نزیک بەکارهێنراوە، دیمەنەکان هێندە نزیک تۆمارکراون وەک ئەوەیە بەکامێرایەکی ئاسایی ئامێرێکی وەک مۆبایل تۆمارکرابێت.

زیادەرەویکردن لەمیوزیک و وێنە خێراکاندا، بەجۆرێک حاڵەتی ترس پێچەوانە دەکاتەوە دەیگۆڕێت بۆ گاڵتەجاڕی وێنەیی.

دیمەنە تاریکەکانی ژێر زەمین هەمان کۆپی و هەمان تەکنیکی  فیلمی ترسناکی پارانۆرماڵ بەکارهێنراوە، پاشان فیلم هیچ ئاماژەیەک نادات بە مێژوی ئازایەتی کارەکتەرێکی بوێر، دەبێت لەپشت چیرۆکی پەریەوە کۆمەڵێک ڕوداو هەبێت تا ژنێک بتوانێت هێندە بوێر بێت، بەپێچەوانەوە ڕۆڵی پەری زیاتر لەئەفسانە و خورافیاتەوە نزیکتر بو.


پێکهاتەکانی فیلمی سینەمایی:

سیناریۆ و دیالۆگ 
سیناریۆیەکی کرچ و کاڵ و کۆپی، پێویستە بڵێم زۆرکات کۆپی دوەمی سیناریۆیەکی ئامادەکراو دەکرێت تێکەڵ بکرێت بە کۆمەڵێک دیمەن و دیالۆگی ڕەسەن تا لەتوانایدا هەبێت کۆپی پێشوی خۆی کاڵ بکاتەوە، لەڕوی پێکهاتەوە ئەم فیلمە هیچ لەتوانایدا نییە ڕکابەری فیلمە سەرەتاییەکانی مێژوی سینەمای ترس بکات.

دیالۆگ:

دیالۆگ سارد و سڕ کاتێک پەری باس لەو حاڵەتانە دەکات خۆی دەیبینیت؛ کاتێک باس لەبونی خێوێک یان ڕۆحێک دەکات بۆ هیوا لەوەڵامدا دەڵێت؛ وازی لێبێتە نەگبەتە هی ساڵی حەفتاکانە. 
لێرەدا مەبەستی کامێرایەکی کۆنە، دەپرسم: 
ئەم جۆرە لەدیالۆگی سەرەتایی نەک مایەی شەرمەزاریە بەڵکو دورە لەڕاستی ژیانی خێزانی و دیالۆگی کوردیەوە، لەسەرەتاکانی ژانەری فیلمی سینەمایی تا دەگات بە ئێستا گرێچنەی هیچ فیلمێک هێندە شپرزەیی پیوە دیار نەبوە، پەلەکردن لە دابەزاندنی ژەمی ترس وادەکات سیناریۆی فیلم بەگشتی لاواز دەرکەوێت، تێکەڵ کردنی گومان و غیرە بە دیمەنە ترسەکان یەکێکی دیکەیە لەو هەڵانەی دەرهێنەر پەلەی کردوە لەڕوی پێکهاتەی فیلمەوە، بەدڵنیایی هیوا وەک کارەکتەرێکی دیکە و پەستانێکی زیاتر لەسەر پەری وایکردوە وا هەست بکەین پەری هەمو شتێک بەڕێوە دەبات.

بەردەوام یەکێک لەگرفتە سەرەکیەکانی بەردەم فیلمی کوردی زمانی کوردی بوە، دیالۆگ لەفیلمی کوردیدا خۆماڵی نیە و پڕیەتی لەهەڵەی زمانەوانی و وشەکان زیاتر زمانی بیگانەیە.

کاتێک پەری دەڵێت: تو شەرەف وەختی ئەوەیە؟
مەبەستی ئەو قاوە خوێندنەوەیە بو، کاردانەوەی پەری و قاوەگرەوەکە پڕیەتی لەهەڵەی سینەمایی، کاردانەوەکان هیچ کات لەگەڵ دیالۆگەکاندا یەک ناگرێتەوە، هەمو ئەوەی ناونراوە ژەمی ترس تەنها میوزیک و دیمەنی خێرایە خزاوەتە نێو پێکهاتەی فیلمی کفنەوە.

کاریگەریە دەنگیەکان و وێنەییەکان وەک بەشێک لەفیلمی سینەمایی:

کاریگەریە دەنگیەکان، پێکهاتوە لەکۆمەڵێک پارچە میوزیکی ڕاستی و دروستکراو پێکەوە گرێدەدرێت و بەکاردەهێنرێت لەسەرەتای گرتەکان و کۆتایی گرتەکاندا لەپێناو؛ دەرخستن یان شاردنەوەی مانایەک یان ئاماژەیەک، تا لەم ڕێگەیەوە زیاتر کاریگەری دابنرێت لەسەر بینەر، ئەم تەکنیکە دەنگیە پێویستی بەکارامەیی و وردەکاری و پسپۆڕیە، زۆرکات ئەم تەکنیکە لەکاری درامی دا بەکار دەهێنرێت.

زۆرینەی دیمەنەکان زیادەڕەویی تێداکراوە، دەنگی میوزیک، شریتی دەنگی سینەمایی لەئاستێکی شپرزدایە، ئەو گرتانەی وێنای ترس دەکات بەخێرایی تێکەڵ دەبێت بەکەشی درامی فیلم، لەکاتێکدا هێڵی ترس و هەست بزوێنی درامی دەبێت بەپێی هێڵێکی ستونی ڕو لەهەڵکشان بکات نەوەک بەوجۆرە هێندە خێرا مانایەک نامێنێت بۆ چیرۆک و سیناریۆی ڕەسەن.

میوزیک: زیاتر کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤایەتی دادەنێت، وەک ژەمێکی هەستبزوێن، تا دیالۆگەکان ئاوێتەی میوزیک ببن، بینەر هەستی بەزەیی یان خۆشەویستی یان ڕقی لا دروست ببێت، لە فیلمی کفندا میوزیک نەیتوانیوە هەستەکانی مرۆڤ بجوڵێنێت، بەتایبەت هەستی بەزەیی و تێگەیشتن لەو تاوانەی دەکرێت دەرهەق بە پەری، پاشان میوزیک نەیتوانیوە ڕقێک لەدڵی مرۆڤدا بچێنێت بەرامبەر کارەکتەرێکی خراپەکار لەڕێگەی نوشتەوە ژیانی ژنێک وێران دەکات، ئاستی نواندن کارەسات بو، میوزیک وەک بەشێکی گرنگ وێنای کات و شوێن دەکات لەناو پێکهاتەی فیلمی سینەمایی ڕەسەندا.

شریتی دەنگی:

شریتی دەنگی و ژاوە ژاو دەنگێک تێکەڵ دەکرێت بەشریتی دەنگی، ئەم هەمو زیادەڕەویە ناو دەنرێت تەکنیک؟ بێگومان نەخێر! لەبایەخ و پێکهاتەی فیلم کەم دەکاتەوە، حاڵەتی ترس دەگۆڕێت بۆ دبارە کردنەوەی دەنگی بەرزی میوزیک و کاردانەوەی خێرای کارەکتەرەکان و جوڵەی بێمانای کامێرا.

سینەماتۆگرافی

لەڕوی پێکهاتەی سینەماتۆگرافیەوە ئەم فیلمە زۆر هەژارە، تەکنیکی تێکەڵکردنی ڕەنگەکان و ڕوناکی، پاشان دروستکردنی یەک ستەیجی سینەمایی لەپێناو دەرخستن و نمایشکردنی چیرۆکێکی تۆکمە و ماناداردا، لێنز و کامێراکان ببەسترێت پێکەوە و دیمەنەکان ئاوێتەی یەکتر بکرێت، دواتر نواندن و ستەیجی ڕوداوەکان پێکەوە گرێبدرێت، لەڕوی هونەریەوە سینەماتۆگراف بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی ڕەسەنی فیلمی سینەماییە، وێنەی خامەیی سینەمایی، لەهونەری یۆنانیدا سینەماتۆگراف بەو مانایە دێت فیلمساز دەبێت (نوسین و جڵە، دیالۆگ و جوڵە پێکەوە ببەستێتەوە).

چاوی کامێرا دەبێت بتوانیت جوڵەی کارەکتەر و هەستی کارەکتەر ببەستێتەوە بەشانۆی ڕوداوەکانەوە ، ئەم فیلمە هەژار و لاوازە لەم ڕوەوە، شانۆیەکی لاواز، دیمەن لاواز، دیالۆگ گەرچی کەم بو  بەڵام لاواز بو، کاریگەری وێنەیی لەئاستێکدا بو مایەی شەرم بو.

لە پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا دەبێت فیلمساز بزانێت چ جۆرە کامێرایەک بۆ ژانەری فیلمەکەی هەڵدەبژێرێت، دەبێت لەتوانایدا هەبێت گرێچنەی فیلم ون نەکات، هەڵبەت لەم حاڵەتەدا پێویست دەکات پەنا ببات بۆ بەڕێوەبەری شوێن (لۆکەیشن) ئەو هاوکارت دەبێت تا باشترین شوێن دەستنیشان بکات بۆ چاوی کامێراکەت، فیلمی کفن سینەماتۆگرافی ون کردبو.

لەناو پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا دەبێت نواندن بگات بەئاستێک بینەر ببات بۆ قوڵایی ڕوداوەکان، تا بتوانێت پارێزگاری بکات لە سیناریۆی فیلم.

لەناو پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا ڕوخسار دەبێت لەگەڵ دەنگ و دیالۆگ و جوڵەدا یەکبخرێت، بەگشتی لەڕوی سینەماتۆگرافیەوە فیلمی کفن دەتوانم بڵێم (فیلم نەبو) تەنها چەند گرتەیەک بو پچڕ پچڕ نمایشکراو ناونرابو فیلم.

شوێنی جێگیرکردنی کامێرا، چاوی کامێرا زۆر گرنگە لەپێکهاتەی فیلمی سینەماییدا، هەندێک بەشی گرنگی گرتەی سینەمایی:
گرتەی مامناوەند، گرتەی دورودرێژ، گرتەی گۆشەی نزم، گرتەی کامڵ، گرتەی بونیادنانی فیلم، گرتەی خاڵی بینین، گرتەی هەوایی، بەگشتی هەمو ئەم پێکهاتانە پشتگوێخرابون، ئەم فیلمە لەڕوی پێکهاتەی فیلمی سینەماییەوە لەتوانایدا نییە لەهیچ کام لەفیستیڤاڵە جیهانیەکاندا نمایش بکرێت.

جیاوازی نێوان وێنەگرتنی سینەمایی و تەلەفزیۆنی؛ وێنەگرتنی سینەمایی هونەر دروست دەکات، بەڵام وێنەگرتنی تەلەفزیۆنی تەنها وێنەیەکی سادەی ڕوداوەکان دەگرێت بەبێ ئەوەی داهێنان بکات، بەبێ ئەوەی ماندو ببێت،  بەڵام وێنەگری سینەمایی هەست دروست دەکات نەک تەنها ساتێک، گێڕانەوەی چیرۆکی وێنەیی ئەم فیلمە زۆر لەئاستێکی خراپدا بو. 

پەیام/ یەکێک لەپێکهاتە سەرەکیەکانی فیلمی سینەمایی مۆدێرن:

ئەو فیلم و درامایانەی دەیانیبین، تەنها فیلمێکی سینەمایی سەر شاشەکان یان تیڤیەکان و کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمان نییە، تەنها بۆ کات بەسەر بردن نییە، بەڵکو فراوانتر و دورتر دەڕوات، بەجۆرێک کاریگەری دادەنێت لەسەر خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بینەر، زۆر کات دەگوازرێتەوە بۆ نێو ژیانی مرۆڤ، پێکهاتەی هەمو فیلمێک چینێک لە کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج، پێکهاتەی زۆرینەی فیلمەکان ژیری بینەر دەکاتە ئامانج، فیلم تەنها ماددەیەک نییە بۆ سەیرکردن و کات بەسەر بردن بێت، زۆرکات بینەری بازاڕی فیلمی سینەمایی وەک کات بەسەر بردن و خواردنی گەنمەشامی و بەسەر بردنی کات لەگەڵ هاوڕێیەک دەبینێت.

فیلم تەنها دیمەنێک یان ڕوداوێک نییە، سیناریۆی فیلم دەبێت خاوەنی گرێچنە بێت، هەروەها هەڵگری پەیامێکی قوڵ و کاریگەر بێت بۆ چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا، پەیامێک لەتوانایدا هەبێت پرسیار لای بینەر دروست بکات، یان لەتوانایدا هەبێت گۆڕانکاری لەبیرکردنەوەماندا دروست بکات، دواجار فیلم وەک یەکێک لەئامڕازە ناڕاستەوخۆکان هەژمار دەکرێت لەجیهاندا.

دیمەنی غیرەکردن و دیالۆگی نێوان هیوا و گۆران، پاشان زیادەڕویکردن لە کاردانەوەی کارەکتەری (پەری) بەرامبەر بە هیوا و گۆران، کاتێک وێنای ژنێکی توڕە دەکەیت، بەڵام تەنها یەک خولەک دواتر کەشێکی ئاسایی نمایش دەکەیت تەواوی کەشی درامی و هەست بزوێنی کاری فیلم دەشێوێنیت، هیوا و دادەنیشن سەیری ڤیدیۆیەک دەکەن.

پاشان چاوی کامێرا دەگوازرێتەوە بۆ ماڵی گۆران، دیمەنی هاتنەوەی گۆران دوبارەکردنەوەی سیناریۆی فیلمە ترسناکە کلاسیکیەکانی سەدەی ڕابردو، بەخێرایی دەگەڕێینەوە ماڵی هیوا و دیمەنێک میوزیک زاڵە و ترسێکی دیکە لەباکگراوندی ئەم ترسەدا میوزیکێکی بەرزی بێمانا دەبیسترێت. 

ماکیاژی فیلمی سینەمایی:

ماکیاژ وەک یەکێک لەکەرەستە گرنگەکانی پێکهاتەی فیلمی سینەمایی، بەم شێوەیە کاریگەری دادەنرێت لەسەر کارەکتەری تەلەفزیۆنی و سینەمایی، لەڕێگەی مەیک ئەپەوە هێڵی گێڕانەوەی چیرۆک یان سیناریۆ بەهێز دەکرێت، پاشان کەسایەتی نێو پێکهاتەی فیلم گەشە دەکات، تەکنیکی ماکیاژ متمانە و توانای نواندن زیاد دەکات بەڕادەیەک بینەر نزیکتر دەبێتەوە لەوەی باوەڕ بەڕاست و دروستی ڕوداوەکان بکات، بەتایبەت لەفیلمەکانی ژانەری تاوانکاری و ترسناكدا.

ماکیاژی سینەمایی (Prosthetic makeup) بوارێکی پسپۆڕی سینەماییە، بەکاردێت لە پێناو ڕێکخستن و دروستکردنی ڕوخسارێکی گونجاو، کاریگەر، بەپێی هەڵکشانی هێڵی درامی شێوە و ڕوخساری کارەکتەر دەگۆڕێت، وەک ماندوو بون و بەساڵاچون، دەکرێت ماکیاژ شاردراوە بێت، دەشکرێت ئاشکرا بێت، زۆرکات دەبینین کاریگەری گەورە دروست دەکات لەسەر کەسایەتیەکان.

بەپێچەوانەی سیناریۆی فیلمەکانی ترس، ئەو هەمو ترس و دڵەڕاوکێ کاریگەری دانانێت لەسەر ڕوخساری پەری، دەبینین هەمو کات پەری جوان و ئاسایی دەردەکەوێت، دواتر دیمەنەکان و کامێرای فیلم دەمانبات بۆ نێو گوندێک، پەری دەرگای ماڵێک دەکاتەوە دانەخراوە، بەڵام مۆمی لێداگیرساوە، سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ڕوخساری پەری، لەهەمو کات جوانتر و گەشتر دەردەکەوێت، لەو ماڵە دەگات بەدیداری پوری، لەوێ جۆرێک لەجادویی دێرین بەکار دەهێنرێت لەسەر پەری لەلایەن ئەو ژنەوە پەری پێی دەڵێت؛ پورم.

کۆمەڵێک پرسیاری بێمانا و پاش دو پرسیار دەڕوات نێو پێکهاتەی پرسیارە گرنگەکانەوە، دیمەنە خێراکان و دەنگی بەرزی میوزیک و بە دو خولەک نوشتەی نێو ماڵەکەی ئاشکرا دەکات، پەری دێتەوە و پورێ گیان لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە، مەیک ئەپ و شێوەی ئەو ژنەی بەدوای نوشتەکەدا دەگەڕێت کۆپی هەمان ژنی نێو درامایەکی فارسیە بەناوی (جەیران).

(دۆزینەوەی نوشتەکە تەنها یەک خولەکی پێویست بو) سیناریۆیەکی لاواز و دیمەنی روخساری هەردو کارەکتەر هیوا و گۆران، مەیک ئەپی کارەکتەرەکان لەئاستێکی زۆر خراپدایە.

پەیامی فیلم 

فیلم دەبێت هەڵگری پەیام بێت، پاشان چارەسەر بۆ گرفتەکان دابنێت، ببێتە بەشێک لەوشیاری و هاندان و بەرچاو ڕونی نەوەک دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئاڕاستەکردنی زانیاری کرچ و کاڵ و زیانبەخش بە تاک و بەکۆمەڵگا. 

گۆڕ هەڵکەن و دیمەنی دەرهێنانی نوشتەی نێو دەمی تەرمێک؛ بینەر سەرسام دەبێت بە جوڵەکانی ژنێک پێشتر حاڵەتی لەو شێوەی ئەزمون نەکردبو، چۆن دەتوانیت بەو شێوەیە خێرا بڕیار بدات، پاشان گرتەی دواتر هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە هیچ کاریگەریەکی دانەنا لەسەر لایەنی دەرونی پەری.

ئایا دەکرێت ژنێک تا ئەو ڕادەیە ئاسایی بێت گۆڕی دایکی هەڵبداتەوە، پاشان دوبارە بگەڕێتەوە ماڵەوە و کاریگەری ئەم بڕیارە سەختە لەسەر دەرون و ڕوخساری ئەو دەرنەکەوێت.

"عفريت الجن"
لەناو پێکهاتەی ئایینیدا یەکێکە لە جنۆکە بەهێز و بەتواناکان، لەئایینی ئیسلامدا باس کراوەو دەڵێت: ئەو پەیوەستە بە جیهانی خوارەوە، ئەو ئاوێتەی ژیانی مردوەکان دەبێت، لەناو کەلتوری ئەوروپادا ناوی ئەم جنۆکەیە وەک ئەفسانەیەک بونی هەیە، لەزمانی عەرەبیدا (عفريت) واتە: پیس، فێڵباز، زۆر بەهێز و بەتوانا، تەنانەت لەئایەتێکی قورئاندا باس لەم جنۆکەیە کراوە (أَنَا آتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَنْ تَقُومَ مِنْ مَقَامِكَ وَإِنِّي عَلَيْهِ لَقَوِيٌّ أَمِينٌ) کاتێک لەگەڵ سولەیمان پێخەمبەر دیالۆگ دەکات و دەڵێت: من دەتوانم تەختی پادشایی بەلقیست بۆ بێنم پێش ئەوەی لەشوێنی خۆی هەستیتە سەرپێ.

نواندن:

نواندنی سینەمایی هەلێکی گونجاوە تا ئەکتەر توانست و بوێری خۆی بکاتە پێکهاتەیەک لە دەربڕینی هەست و سۆز و ئاوێتەی جوڵەی بکات، پاشان دەرخستنی کۆمەڵێک وردەکاری گرنگ لەجوڵە و ئاماژەکانیدا، نواندن لەبەردەم کامێرادا ئاسانترە لەنواندن لەسەر ستەیجی شانۆ، لەسەر ستەیجی شانۆ نواندن ڕاستەوخۆیە، جەماوەر ئامادەیە، لەپشت جەماوەرەوە لەبەردەم کامێرایەکی جێگیر یان جوڵاودا بەدڵنیایی دەکرێت بڵێین جوڵە و نواندن ئاسانترە، ئەوەی مایەی سەرنجە لەفیلمی سینەمایی کوردیدا نواندن لەئاستێکی خراپدایە و بەردەوام کۆمەڵێک خەڵک ئەم بوارەیان داگیر کردوە لەکاتێکدا هیچ کات لە نواندنەکانیاندا هەست بەوە ناکەیت باشتر بن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، فیلم لەدوای فیلم نواندنیان لاوازتر و خراپتر دەبێت.

کاردانەوەی مامۆستا پاش ئەوەی پەری دەڵێت: قەبری دایکم هەڵدایەوە، (گۆڕی دایکی) مامۆستا هیچ کاردانەوەیەکی نەبو بۆ ئەو هەنگاوە ترسناکەی کچێکی گەنج و هەڵدانەوەی گۆڕی دایک.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بدەین بە گرنگی گەیاندن و بیستنی هەواڵی سەیر، کاتێک ژنێک لەو تەمەنەی کارەکتەری (پەری) دەڵێت: گۆڕی دایکم هەڵدایەوە و ئەم نوشتەیەم لەناو دەمی تەرکی دایکم دۆزیوەتەوە، مامۆستایەکی ئایینی تەنها سەیرێکی دەکات، جگە لەوەی هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نەبو بۆ ئەم هەواڵە سەیرە بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسایی و سارد نیگایەکی بۆ دەکات و تەواو.

کۆتایی فیلمی سینەمایی:

کۆتایی فیلم وەک بەشێکی گرنگی فیلم هەژمار دەکرێت، پێنجەم وێستگەی تەسکی کات هەژمار دەکرێت، لەکۆتاییدا دەگەین بە تەسکترین کاتەکانی چیرۆک یان سیناریۆ، لێرەدا بینەری شریتی سینەمایی دەیانەوێت چێژ لەکۆتاییەکان ببینن، گەر پرسیارێکیان لادروست بو بێت دەیانەوێت وەڵامەکەی بزانن، کۆتاییەکان توندتر و تاڵترن یان شیرینترن، دەرون و هەستەکانی مرۆڤ پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕوداوەکانی دەوێت.

بۆ کۆتایی فیلمی سینەمایی گرنگە؟

کۆتایی فیلم ئاوێنەدانەوەی ڕوداوەکانە بەگشتی، کۆتایی فیلم بانگەشەیە بۆ هێڵی درامی و گرێچنەی دوراوی هەمو چیرۆک بەگشتی، کۆتاییەکان گرێدەدرێت بە سەرەتاکانەوە، دەکرێت کۆتایی فیلم وابکات فیلمێکی لاواز باشتر بکات، تا دەگات بەئاستی فیلمێکی ناوازەی سینەمایی، کۆتاییەکانی ئەم فیلمە کارەساتبارتر بو لەسەرەتای فیلم، کۆتایی فیلمی کفن هێندە تەقلیدی و دوبارە بو هێندەی دیکە کەم وکورتیەکانی فیلمی خستەڕو.

دیمەنەکانی بەیەک گەیشتنی مامۆستا و هاوکارەکەی لەگەڵ پەری تەنها زیادەڕەوییەک زیاتر نەبو، ئەم جۆرە لەدیمەن و دیالۆگ ناتوانێت تەواوکاری چیرۆکێکی کرچ و کاڵ بێت، دیمەنەکانی کۆتایی فیلم و داخستنی چیرۆکی تاریک و ئاڵۆزی نێو ماڵی پەری خراپترین بەشی پێکهاتەی فیلمی کفن بو، لە دیمەنی پوچەڵکردنەوەی نوشتەی نێو ماڵ تا دەگات بەدیمەنی تەلیسم و بەتاڵکردنەوەی جادویی سەر پەری، ئەوەندە زیادەڕەویی کرابو لەدەنگی میوزیک و هاوارکردندا بینەر بێزار دەبو، وەک هەمو فیلمێکی کرچ و کاڵ و بێمانا بە دیمەنی لەبارچونی منداڵەکەی پەری فیلم بەگشتی قوفڵ دەکرێت و وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی نوشتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP