هەرێم نیوز
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارەکەیاندا رۆژی هەینی لە واشنتن، دانیان بەوەدا ناوە کە، هەردوو وڵات (ئێران و رووسیا) هاوکارییە سەربازییەکان چڕتر کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو وڵاتە وا رێککەوتوون؛ کە رووسیا لە بواری زانستی ئەتۆمی هاوکاری ئێران بکات و لە بەرامبەریشدا، ئێران مووشەکی بالیستیکی بە رووسیا بدات کە لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت.
بەپێی راپۆرتی بلومبێرگ و گاردیان، رەنگە ئەم هاوکارییە ئێران لە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک بکاتەوە.
چەند بەرپرسێکی رۆژئاوا کە ئاگاداری ئەو بابەتەن بۆ بلومبێرگیان پشتڕاست کردەوە، لە چەند مانگی رابردوودا هاوکارییەکان چڕتر بووەتەوە و ئەم پرسە لە گفتوگۆکانی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هاتۆتە ئاراوە.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە بەیاننامەیەکدا، کردەوەی ئێرانیان لە ناردنی مووشەکی بالیستیک بۆ رووسیا ئیدانە کرد و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئۆکرانیایان زانی.
ئێران چەندانجار پێدانی مووشەکی بالیستیکی بە رووسیا رەتکردووەتەوە.