دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15/09/2024

باندێکی بازرگانی مادەی هۆشبەر کە زۆرینەیان کوردن لە بەریتانیا دەستگیرکران

هەرێم نیوز 

بە گوێرەی هەواڵێكی کەناڵی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەم باندە بازرگانیان بە کۆکاین و حەشیشیان دەکرد لە شار و شارۆچکەکانی بەریتانیا و خان و ڤیلایان بەکاردەهێنا بۆ هەڵگرتنی مادە هۆشبەرییەکان، هەروەها شوێنی غەسلی ئۆتۆمبێل و دوکانی سەرتاشی کوردەکانیان بەکاردەهێنا تاوەکو مادە هۆشبەریەکانیان بشارنەوە و دواتریش بە ئۆتۆمبێل دەیانگواستەوە بۆ کڕیارەکانیان.

پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، باندەکە بە شێوەیەکی زیرەکانە دەجوڵانەوە، هەر یەکێکیان رۆڵێکیان هەبووە لە گواستنەوە و شاردنەوەی ماددە هۆشبەرییەکان. یەکێکیان شۆفێر تەکسی بووە زیاتر لە 37 جار بە تاکسی ڕووی لە شاری Aberystwyth کردووە لە وەیڵز (Wales) کە 3 کیلۆ کۆکاینی گواستۆتەوە u بڕی 400.000 پاوەندی دەستکەوتوە.

یەکێک لە دادوەرەکان ڕایگەیاند ''جێگەی داخە کە سەرۆکی باندەکە کوردێکی عێراقە و لە وڵاتی خۆی هەڵهاتوە و لێرە لە بەریتانیا مافی پەنابەری وەرگرتوە و بەم شێوەیە پاداشتی شانشینی بەریتانیا دەداتەوە''.

ئیان ڕایت (Ian Wright) بەرپرسی پۆلیسی شاری Aberystwyth لە وەیڵز (Wales) ڕایگەیاند کە ئەم باندە بە پلانێکی نوێ و زیرەکانی کارەکانیان ئەنجام دەدا، 4 مۆبایلیان بەکاردەهێنا کە مۆبایلی ماددە هۆشبەریەکان بوو، لەوێ پەیوەندیەکانیان دەکرد و دەیان خان و هۆتێل و شوێنی تایبەتیان هەبوو کە کۆکاینیان تێدا شاردبووە و لەگەڵ ئەوەش دا چەندین کەسی دیکە کاریان بۆ دەکرد کە جێگەی متمانەبوون تاوەکو کۆکاین بگوازنەوە لە ناو شارەکە بۆ کڕیارەکانیان.

بە پێی زانیاریەکانی پۆلیسی بەریتانیا سەرۆکی باندەکە کوردێک بووە بە ناوی توانا ئەحمەد کە ئەو سەرپەرشتی هەموو کارەکانی دەکرد لە گەڵ دوو کەسی دیکەدا کە هێشتا دەستگیرنەکراون و باوەڕدەکرێت کە ئەگەری هەیە لە هەرێمی کوردستان بێت و هەڵهاتبێت.

یەکێک لە ئەندامانی باندەکە کە ئافرەتە بە ناوی ئاکاشە سمیت لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە گوتویەتی کە پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە لە گەڵ لوقمان جەرجیس و ئەو هانی داوە ببێتە ئەندامی باندە مادەی هۆشبەرییەکە تاوەکو بڕە پارەیەکی باش و زۆری دەستبکەوێت.

سەرۆکی باندەکە توانا ئەحمەد بە 12 ساڵ زیندانی سزا درا بەڵام ئەو دەستگیرنەکراوە و هەڵهاتووە و باوەڕ دەکرێت لە هەرێمی کوردستان بێت. 

بەرزان سەرهان لە گەڵ ئەحمەت پیرۆ و کاروان کەریم بە 4 ساڵ زیندانی سزا دران.

وەلید عەبداڵ، محەمەد حەمەشەریف، کاسترۆ عومەر، سامان عەزیز لە بەر ئەوەی دانیان بە تاوانەکانیان دا بە 3 ساڵ زیندانی سزا دران.

لوقمان جەرجیس بە 3 ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا. عادل مستەفادا بە 3 ساڵ و 4 مانگ زیندانی سزا درا. 

ئاکاشا سمیت بە دوو ساڵ و نیو زیندانی سزا درا.

دادگای بەریتانیا هەموو زانیاریەکان دەداتە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوەکو دووبارە پێداچوونەوە بکەن لە سەر مۆڵەتی هەموویان بۆ ئەو کاتەی کە ئازاد دەکرێن چیان لێ بکرێت. ئەوانەشی کە دەستگیر نەکراون و هەڵهاتوون مانگی 10 بە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان دادگای بەریتانیا بڕیاریان لە سەر دەدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP