هەرێم نیوز
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان ڕایگەیاند، دو بازرگانیان دەستگیرکردوە كە بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵیان پێبوە و ویستویانە ئەو ماددەهۆشبەرە بۆ شارەكانی هەولێر و دهۆک بگوازنەوە.
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەدو چالاکییدا لە ڕۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش "لەبازگەی هیران" توانییان دەست بەسەر بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا بگرن و دو كەس دەستگیربكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکەمییان بڕی 73 کیلۆگرامی لەو مادانە لەنێو ئوتۆمبێلێکی بارهەڵگر و دوەمیشیان بڕی پێنج کیلۆگرامی لەنێو ئوتۆمبێلێکی تایبەتدا حەشار درابون .
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، لەو دو چالاکییەدا توانراوە دو بازرگان دەستگیربکەن کە بەنیازبون ئەو دو بڕە ماددەهۆشبەرە بۆ شاری هەولێر و دهۆک بگوازنەوە.
ئەوەشی خستەڕو، لە دادگا دۆسیە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە و تاوانباران بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانەوە بەدواداچون بەردەوامە بۆ ئەو دۆسیەیەو دەستگیرکردنی تەواوی ئەو تۆڕە بازرگانییە.