دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/09/2024

لە كابینەی نۆیەمدا 1 هەزار و 850 قوتابخانە و باخچەی منداڵان نۆژەنكراونەتەوە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا 1850 قوتابخانە و باخچەی منداڵان نۆژەنكراونەتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامارێکدا بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتووە، تاوەكو ئەمڕۆ 14ی ئەیلوول، لە كابینەی نۆیەمدا 162 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە و ناخچەی منداڵان دروستكراون.

ئەوەش هاتووە، باڵەخانەکان زۆرینەیان لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراون، كە 62 باڵەخانەن، هەروەها لەسەر ئەركی خێرخوازان 50 باڵەخانە، وەربەرهێنان 26 باڵەخانە و لەسەر ئەركی رێكخراوەكانیش 24 باڵەخانە دروستكراوە. 

‎ئەوەش لە كاتێكدایە، هەر بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، 25ی ئەم مانگە خوێندن لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، بە باڵەخانە نوێیەکان و زیادکردنی ژوورەکانەوە، بەراورد بە پار، ئەم ساڵ شوێنی 100 هەزار قوتابی زیاتر ئامادە کراوە.

‎13ـی ئەیلوولی 2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، ملیۆنێک و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا لەو ساڵەدا خوێندوویانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP