دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/09/2024

مەحمود حەفیدزادە: کاک نێچیرڤان بەردەوام لەخەمی یەکڕیزی و ئاشتەوای ناوماڵی کورد بووە

هەرێم نیوز

مەحمود حەفیدزادە، کە کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانییە و نەوەی شێخ مەحمودی حەفیدە، لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بلاویکردەوە، " لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان «کاک نێچیرڤان بارزانی» ئامادەی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنی دکتۆر «مەسعود پزیشکیان» سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بووین، لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت: "لەو پێشوازیکردنەدا، بەڕێزان سەرۆک و سکرتێری زۆربەی پارتە سیاسییەکان و هەروەها نوێنەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون".

ئاماژەی بەوەشداوە، "سەردانی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لەم کات و ساتەدا بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و هاتنی بەڕێزیان بەرز دەنرخێندرێت. بێگومان پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دێرین و مێژوویین و هیوادارین زیاتر بەرەو پێش بچن."

مەحمود حەفیدزادە نوسیویشیەتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی جەنابی کاک «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم، بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە. هیوادارم هەرچۆن بەڕێزیان هەمیشە لە خەمی یەکڕیزیی و ئاشتەوایی ناوماڵی کوردستان و کۆکەرەوەی هێز و لایەنە سیاسیەکان بووە، بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕێچکەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان."





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP