هەرێم نیوز
بۆ یەكەمجار پیۆنگ یانگ چەند وێنەیەكی دەگمەنی دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بڵاوكردەوە، بەڵام شوێنی دامەزراوەكەی ئاشكرا نەكرد.
پرۆگرامی كۆریای باكور بۆ چەكی ئەتۆمی كەوتوەتە ژێر سزا نێودەوڵەتییەكانەوە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی كە لەلایەن هاوپەیمانەكانییەوە بە دیاریكراویش روسیاو چین پێشكەشی دەكرێت، زۆرجار پیۆنگ یانگ ئەو سزایانە پێشێل دەكات.
لە وێنەكاندا رێبەر (كیم جونگ ئون) دەردەكەوێت كە بەناو دامەزراوە ئەتۆمییەكەدا دەسوڕێتەوەو داوای ئەوە دەكات ئامێری (سێنتەرفیوج)ی زیاتر دابنرێت بۆ بەهێزكردنی جبەخانەی ئەتۆمی كۆریای باكور، ئامێری سێنتەرفیوج ئەوانەن كە ریز كراون و رێبەر كیم جۆنگ لە یەكێك لە وێنەكاندا لە تەنیشتیاندا راوەستاوە.
بەگوێرەی قسەی ئاژانسی هەواڵی كۆریای باكور، هەر لەم سەردانەدا، رێبەر كیم داوای لە بەرپرسانی دامەزراوە ئەتۆمییەكە كردووە لەپاڵ زیادكردنی ئامێرەكانی سێنتەرفیوج، بەردەوام بن لە هێنانە ناوەوەی جۆری نوێی ئامێری سێنتەرفیوج، ئەمەش لەپێناو پتەوكردنی بنەماكانی بەرهەمهێنانی ماددەی ئەتۆمی كە دەچێتە ناو پیشەسازیی چەكەوە.
رێبەر ئامۆژگاری كردوون، لەسەر ئاستی دورمەودا ئامانجی گەورە تر دیاری بكەن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییە پێویستەكان.
ئەم جۆرە دامەزراوانە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بەرهەمدەهێنن، كە پێویستە بۆ دروستكردنی كڵاوەی ئەتۆمی جەنگیی، ئەمەش لەرێگەی خولاندنەوەی خێرای ماددەكە بەخێراییەكی زۆر لەناو ئامێرەكانی سێنتەرفیوجدا.
هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی وێنەكاندا، كۆریای باشور توڕەیی خۆی نیشانداو ئیدانەی پیۆنگ یانگی كرد، رایگەیاند، ئەو دامەزراوەیەو ئامانجەكانی بریتین لە بەرهەمهێنانی ماددەی پێویست بۆ چەكی ئەتۆمی تەكتیكی.
"ئەمە پێشێلكارییەكی روونی ژمارەیەك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانە" وتەبێژی وەزارەتی (یەكگرتنەوە)ی كۆریای باشور وای وت.
ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو كۆریای باكورو باشور بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، بەمدواییانە پیۆنگ یانگ رایگەیاند 250 موشەكی بالیستی لەسەر سنوری باشوری وڵات داناوە.
لە وەڵامی ئەمەدا، كۆریای باشور دەستیكردەوە بە پەخشكردنی هەڵمەتی بانگەشەی میدیایی بەدرێژایی سنورەكان، سەرباری ئەمە، ئەو رێككەوتنە سەربازییەی هەڵپەسارد كە بۆ سنورداركردنی ئاڵۆزییەكان ئیمزا كرابوو، بەمەشەوە رانەوەستا، مانۆڕە سەربازییەكانی بە چەكی زیندوو لە دورگە سنورییەكان و لە نزیك ناوچەی لەچەكداماڵراو دەستپێكردەوە.