دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

وادەی دابەشکردنی شایستەی دارایی وانەبێژان ئاشکرا کرا

هەرێم نیوز

نوێنەرێكی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، تا ڕۆژی دوشەممە شایستەی سەرجەم وانەبێژان لە هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت و لەبارەی ڕێكارەكانی بە گرێبەستكردنیانەوە دەڵێت، "لەم هەفتەیەدا وربینی ناوەكان تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتو لە پەروەردەكان دەست دەكرێت بە مامەڵەی بەگرێبەستكردنیان".

کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، ڕۆژی دو شەممە 9ی (ئەیلول/9) شایستەی مانگی (ئایار/5)ی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت لەسەرجەم پەروەردەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین. 

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم ئەو پەروەردانەی لە سنوری هەولێر و دهۆك  شایستەكەیان وەرنەگرتوە، سبەی یەكشەممە دابەش دەكرێت. 

كاروخ عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، شایستەی مانگی (حوزەیران/6)ی وانەبێژان دەكەوێتە دوای دابەشكردنی موچەی مانگی (ئابی/8)ی موچەخۆرانی هەرێمەوە، بۆ شایستەی وانەبێژان لە مانگەكانی (تەمموز/7) و (ئاب/8) كە نیو موچەیە و هەردوكی بەیەكەوە دابەشدەكرێت.

لەبارەی ڕێكارەكانی بەگرێبەستكردنی وانەبێژانەوە ئەوەی خستەڕو، لیژنەیەكی حەوت كەسی لە وەزارەت خەریكی وردبینین و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا كارەكانیان تەواو بكەن و دواتر سەرۆكی حكومەت واژۆلەسەر وردبینەیكان دەكات و گشتاندنێك بۆ سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەكانی پەروەردە دەردەچێت بۆ دەستپێكردنی مامەڵەی گرێبەست بون، پێشبینی دەكەن لە هەفتەی داهاتودا دەستپێبكات.

کارۆخ عەبدوڵا ڕونكردەوە، چاوەڕوان دەكەین یەكەم موچە كە وەك مامۆستای گرێبەست كە وەری دەگرین بۆ مانگی (ئەیلول/9) بێت، كە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دیبلۆم 400 هەزار دینارە و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆن 500 هەزار دینارە.

نوێنەرەكەی مامۆستایانی گرێبەست لەبارەی چارەنوسی ئەو وانەبێژانەی كە لە كارەكەیان بەخشراون دەڵێت، "لە ئێستادا ژمارەی ئەوانە كە دەكرێنە گرێبەست 38 هەزار وانەبێژە و كەسی دیكەی بۆ زیاد ناكرێت، بەڵام كار بۆ ئەو وانەبێژانەش كراوە كە بەخشراون بۆ ئەوەی لە داهاتودا ئەگەر هەر فەڕاغێك هەبێت، ئەولەویەت بۆ ئەوان دەبێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP