دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

وەزیری دارایی: هاوتاکردن و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی موچە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە

هەرێم نیوز

وەزیری دارایی رایگەیاند، هاوتاکردن و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی موچە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە، دەشڵێت، چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بەشی زۆری موچەخۆران خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار بکەن.         

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حەملەیەکی ناڕەوا دژی پرۆژەی (هەژماری من) کرا، دەبوایە وانەبوایە، (هەژماری من) سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوطین دەکرێت هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە موچەخۆران دەکرێت، موچەخۆرو فەرمانبەر دەتوانێت قەرز وەرگرێت، دەتوانێت پارە بنێرێ و وەرگرێ، دەتوانێت لەڕێی ئۆنلاینەوە شت بکڕێت لە هەرکوێ ویستی پارە راکێشێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، (هەژماری من) لە بەغداو هەرێم بێنەو بەردەیەکی زۆری لەسەر دروستبوو دواجار دادگای فیدراڵی بابەتەکەی یەکلاکردەوە، بەڕونکردنەوەیەک رایگەیاند هەموو ئەو بانکانەی لە ژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیدان دەتوانن تەوطین بکەن، هەموو بانکەکانی ناو هەژماری من کە لە ئێستادا ژمارەیان هەشت بانکەو زیاتریش دەبن لەژێر کۆنترۆڵ و رێنمایی بانکی ناوەندیدان.

باسی لەوەش کردووە، ئێستادا نزیکەی (500 هەزار) فەرمانبەر خۆیان لە سیستەمی (هەژماری من) تۆمار کردووەو ئەم مانگە (120 هەزار) هەزار کەس لەڕێی هەژماری منەوە موچەیان وەرگرت، لە هەولێر 96%و لە دهۆک لە 92%و لە سلێمانی لە 37% خۆیان تۆمار کردووە و ڕێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

ئاوات جەناب وتیشی، لە عێراق و هەرێمیش سیستەمی وەرگرتنی موچە دەبێت بە دیجیتاڵی، واتە لەڕێی بانکەوە نەبێت ناتوانیت موچە وەربگریت، هەر کەسێک تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی تۆمار نەکات و هەژماری بانکی نەبێت خۆی بەرپرسیار دەبێت، چونکە ئەو سیستەمی دابەشکردنی موچەیەی ئێستا نامێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەڕێی ئەم سیستەمەوە موچەخۆر دەتوانێت لە 15 ملیۆن و زیاتر سلفەو قەرز وەربگرێت، ئێستا عێراقیش بەرەو ئەوە دەڕوات سیستەمێکی هاوشێوەی ئێمە یان وەک ئەوەی ئێمە دروستبکات، لەو تەوطینەی لە عێراق و بانکی رەشید و ڕافیدەین هەیە خزمەتگوزارییەکە وەک ئێمە پێشکەوتوو نییەو لەعێراقیش جگە لە بانکی حکومی بانکی ئەهلیش بەشداریان لەتەوطینی مووچە کردووە. 
وتیشی، لەبارەی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە بە ناوی لیژنەی یەکخستنی ڕێکارە ئیداری و دارایی و ژمێریارییەکان، لە بابەتی خانەنشینی پێشمەرگە لای ئێمە کار بەچەند یاسایەک کراوە، ئەوەش پێویستی بەیەکخستن و ڕێکخستنەوە هەیە، بۆ هەموو چین و توێژەکان پێویستە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوە ئەنجام بدرێت.

لەبابەتی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوە ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی دارایی و ئیداری و ژمێریارییەوە هەیە وەزیری دارایی وتی، زۆر یاسامان هەیە جیاوازە یاسا هەیە لێرە بەرکارە لە عێراق نەماوە بەپێچەوانەشەوە، چاوەڕوانین ئەو لیژنەیە کارەکانی بەزووترین کات تەواو بکات تا بتوانین موچەی خانەنشینی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و پلە تایبەتەکان یەکبخەین، هاوتاکردن و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی موچە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە هەنگاو بەهەنگاو ئەوە جگە لە ناونیشانی وەزیفی کە پێویستی بە پێداچونەوە هەیەو جیاوازیمان هەیە لەگەڵ عێراق، چەندین جیاوازی تریش هەن لەوانە لەسەر ئاستی پەرلەمان و دادگاو تەمەنی خانەنشینی و پاداشتی کۆتایی خزمەت، ئەوانە هەمووی پێویستی بەڕێکخستنەوە هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP