هەرێم نیوز
یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ چاكسازی و پەرەپێدان لە چوار كێڵگەی نەوتیی كەركوك لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە واژووكرا.
واژووكردنەكە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی بەریتانی (BP) بەڕێوەچوو، بەپێی ناوەرۆكەكەی چاكسازی و پەرەپێدانی لە چوار كێڵگەكەی ئاڤانا، بای حەسەن، جمبور و خەباز دەكرێت.
لەگەڵ ئەگەری رێككەوتن لەسەر كێڵگەی دیكە یان گەڕانی دیكە بە رێككەوتنی نێوان هەردوولا، بە ئامانجی زیادكردن و بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و وەبەرهێنان لە غاز و وزەی خۆر لە ناوچەكەدا، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەدا هاتووە.
یاداشتەكە لەلایەن حیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە و مورای ئۆشینكلۆس، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (BP)یەوە واژووكرا.