هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لێژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە ژمێریاریی و داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و وردبینی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم و بەهەند وەرگرتنی تێبینی و راسپاردەکانیان سەبارەت بە میلاک و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پشتبەست بە تۆماری بایۆمەتری بەڕێوەچوو، بە ئاراستەی لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران.
ئەوەش هاتووە، پاش گفتۆگۆکردن لەسەر دواهەنگاوەکان و کارکردن و خستنەڕووی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، کۆبوونەوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویلکردن و دابەشکرنی مووچە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، هەروەها لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوەشدرا کە حکومەتی هەرێم شەفافانە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکانی بایۆمەتری هەموو مانگێک لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی داهات وخەرجییەکان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵیی کردووە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەش مانگانە تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و گرنگە ڕێگە نەدرێت هیچ بەربەستێکی تەکنیکی ڕێگر بێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لیژنەی باڵا هەموو وەزارەت و دامەزراوە و دەستە و فەرمانگەکان و یەکە ژمێریارییەکانی راسپارد کە؛ هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی لیستی مووچە خێراتر و بێ کەم وکوڕی بێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هەر مووچەخۆرێک تۆمار نەکرابێت و گرفتی یاسایی نەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت بۆ تۆمارکردن بەپێی رێکار ومیکانیزمە کارپێکراوەکان.
باسی لەوەش کردووە، لە کۆتایی کوبوونەوەکەش قسە لەسەر گرنگیی ژمارەی (کەسیی بێهاوتا UPN ) کرا کە تایبەتە بە هەر تۆمارکراوێک و دەبێتە بناغەی هەموو مامەڵەیەکی حکومی بە مووچەشەوە.