دواین هەواڵ

جیهان‌

 26/07/2024

کامالا هاریس داوا لە ناتانیاهۆ دەکات کۆتایی بەجەنگ بهێنێت

هەرێم نیوز

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای دیدارەکەی ئێوارەی پێنجشەممە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە گفتوگۆیەکی "ڕاشکاوانە"دا، نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری مرۆڤایەتی لە غەززە دەربڕی و وتی: " من لەم بارەیەوە بێدەنگ نابم، کاتی ئەوە هاتووە ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت”.

هاریس لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بە "ڕاشکاوانە و بنیاتنەر" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە  ئیسرائیل مافی ئەو وڵاتە بۆ بەرگریکردن لە خۆی هەیە.

چوار مانگ لەمەوبەر، لە سەرەتای مانگی نیساندا، هاریس بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل کار ناکات بۆ کەمکردنەوەی "کارەساتێکی مرۆیی" لە هێرشە زەمینیەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە.

لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤەکاران دەڵێن پێشبینی گۆڕانکاری گەورە ناکەن لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئیسرائیل کە نزیکترین هاوپەیمانی واشنتۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەرچەندە هاریس وەک جێگری سەرۆک زۆرجار قسەکانی بایدن دووپاتکردووەتەوە کە بە توندی پشتگیری لە مافی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی، وەک ڕۆیتەرز نووسیویەتی، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممەدا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە نیگەران بووە لە شێوازی جەنگی ئیسرائیل و دەڵێت: "ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە، بەڵام چۆن ئەوەی ئەو کارە دەکات گرنگە”.

پێش دیدارەکەی هاریس لەگەڵ نەتانیاهۆ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و جەختی لەسەر پێویستی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کردەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە جۆ بایدن و بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵیانداوە ئەو "کەلێنە"ی کە ماونەتەوە لە هەوڵەکانی گەیشتن بە پلانی ئاگربەستی غەززە پڕبکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP