دواین هەواڵ

جیهان‌

 25/07/2024

سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێکی گەورەی زەمینی لە لوبنان ئامادە کردووە

هەرێم نیوز

ماوەی چەند مانگێکە هێزەکانی ئیسرائیل و میلیشیاکانی حزبوڵڵا لە گوندەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێییەکان لە نزیک سنووری باشووری لوبنان، چاودێری یەکتر دەکەن. لە هەردوو دیوی سنوورەکە و وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری شەڕێکی تەواو، پێگەکانیان بەجۆرێک ڕێکدەخەن کە خۆیان بۆ بارودۆخی جەنگ ئامادەبکەن.

میدیای ئیسرائیلی بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورە لە لوبنان تەواو کردووە.

ئاماژەی بەوە کراوە، کە لە دۆخێکدا کە گرژییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل زیادی کردووە، سوپای ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەورەی زەمینی خۆی لە لوبنان، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دەستپێدەکات.

بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل تا ئێستا نزیکەی 350 چەکداری حیزبو.ڵڵا و زیاتر لە 100 هاوڵاتی مەدەنی لە لوبنان کوژراون کە کارمەندانی فریاگوزاری و منداڵان و ڕۆژنامەنووسیان تێدایە.

لە لایەکی دیکەشەوە، 10 هاووڵاتیی سڤیلی ئیسرائیلی و کرێکارێکی کشتوکاڵی بیانی و 20 سەربازی ئیسرائیلیش کوژراون.

سەرەڕای بەردەوامی گرژی بەدرێژایی سنوورەکان، هێزەکانی ئیسرائیل خۆیان بۆ ئەگەری هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر لوبنان ئامادە دەکەن، کە ئەمەش مەترسییەکانی شەڕێکی ناوچەیی گەورەتر بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات؛  شەڕێک کە پێدەچێت تێوەگلانی ئێران و ئەمریکاش لەخۆ بگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP