دواین هەواڵ

جیهان‌

 25/07/2024

ترەمپ پێش دیداری ناتانیاهۆ داوایەک لەبارەی غەززەوە دەکات

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024ی ئەمەریکا، داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حە.ماس دەکات، لەگەڵ گەڕانەوەی دەستبەجێی بارمتەکان لە غەززە.

ئەم داواکارییەی ترەمپ لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ئەمریکا کۆببێتەوە، کە لە ئێستادا سەفەری بۆ واشنتن کردووە.

 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پێویستە "پەیوەندییە گشتییەکانی" خۆی لەگەڵ دەرەوە و جیهان باشتر بکات.

ناتانیاهۆ دوای ئەوەی وتارێکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش کرد کە تێیدا بەرگری لە شەڕی کەرتی غەززە کرد، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و دواتر لەگەڵ جێگری سەرۆکەکەی کامالا هاریس لە واشنتۆن کۆببێتەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن و پاشان کامالا هاریس، ناتانیاهۆ دەچێتە فلۆریدا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە.

لای خۆشیەوە،بایدن ڕۆژی دووشەممە بەڵێی دا کە لە مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتیدا بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP