دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/07/2024

وەزارەتی دارایی بە فەرمی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی وەزارەتی کارەبای راگەیاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابوری ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢٤/٧/٢٥ ) مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی ئایار دابەش دەکرێت.

دەشڵێت، "وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هیچ تەمویلێکی بۆ مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی وەزارەتی کارەباو پەرلەمانی کوردستان نەناردووەو هەردوو مانگەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە". 

ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی دارایی و ئابوری بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە، بۆ ئەو مەبەستە لەهەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.    

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بۆ ماوەی 24 ڕۆژ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆ دەست  بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا دەکات کە بڕەکەی نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆنە

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتەکە هەبوو، لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان پارەی بۆ خەرج نەکردن، هەرچەندە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە خەرج نەکراوە.                                         



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP