دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/07/2024

فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی

هەرێم نیوز 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، "له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران کار بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ده‌كه‌ین". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ سێشه‌ممه‌ 24/7/2024، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ‌‌ نوێنه‌رانی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست کۆبووەوە و پرسی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌‌ داموده‌زگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریان له‌گه‌ڵدا‌ تاوتوێ کرد.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار خۆشحاڵی خۆی به‌ دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست نیشان دا و هاوكات ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستی سه‌باره‌ت به‌ پرسی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکوەزیران کار بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرفتی له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستدا دروستكردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ نوێنه‌ری فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی ڕاگه‌یاند: له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، نزیكه‌ی 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست هه‌ن،‌ دەبێت مافیان پارێزراو بێت. به‌شێكی  زۆر له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس یان دبلۆمیان هه‌یه‌، كه‌چی به‌ باخه‌وان و شۆفێر و بەردەست گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌ و ئێمه دەمانەوێت و هەوڵی ئەوە دەدەین‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌ستانه‌دا چاره‌سه‌ر بكه‌ین بە شێوەیەک کە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست بەو بڕوانەمەیە بەهەمیشەیی بکرێت کە هەیەتی، نەوەک بەو سیفەتەی کە گرێبەستی بۆ کراوە.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا داوای زانیاری و داتای ته‌واومان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سێ شێوه‌ زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بۆمان بنێرن و فۆڕمه‌كانیش ته‌واوبوون‌ و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كاری جدی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.

ساسان عه‌ونی، پاڵپشتیی ته‌واوی خۆی بۆ به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ڕاگه‌یاند و هاوكات دووپاتی كرده‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌ستانه‌ی بڕوانامه‌یه‌كی دیاریكراوی وه‌كوو ئه‌ندازیاری یان یاسا و كارگێڕی و هه‌ر بڕوانامه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌ و پێشتر به‌ ناونیشانێكی دیكه‌ی وه‌كوو باخه‌وان و شۆفێر گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌، پێویسته‌ مافیان‌ نه‌فه‌وتێت و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌كانیان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی. هاوكات پاڵپشتیی ته‌واوی خۆی بۆ به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كه‌ له‌ داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت ده‌كه‌ن ڕاگه‌یاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP