دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/07/2024

بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران دەرچوو، سەدان کەس لێی سودمەند دەبن

هەرێم نیوز

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان  بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی دا، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، سەدان ئەفسەر لێی سوودمەند دەبن.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ واژووی لە سەر هەمواری ڕێنمایی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد و بە پێی هەمواری نوێ، ئەو ئەفسەرانەی لە پلەی عەقیدن و ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانیان بۆ عەمید، لە کاتی فەراهەمبوونی مەرجە یاساییەکان، دەکرێت لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەش بن لە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ.

وتیشی: بەو بڕیارە “داواکاری سەدان عەقید کە بە یاداشتی جۆراوجۆر گەیشتبووە وەزیر، جێبەجێ دەبێت”.

بەڕێوەبەرەکەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “ئەم جۆرە لە حوکمڕانی پێی دەگوترێ حکومەتی وەڵامدەرەوە، کاتێک هاووڵاتییان لە هەر چین و توێژێک داواکارییەکی ڕەوایان هەبێت و پێشکەشی بکەن، لەم جۆرە حوکمڕانییە داواکارییەکە بە وردی دیراسە دەکرێت و وەڵام دەدرێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سەدان ئەفسەر لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP