دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/07/2024

د. سامان بەرزنجی: هەموو هاوڵاتییان دەبنە خاوەن کۆدی تەندروستی خۆیان

محەمەد جەمال – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ڕاگەیاند.

لەم بارەیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی ئیتالیا تەواوی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی دەکات، بۆ کۆکردنەوەی ئەو داتا و زانیارییانەی کە ڕۆژانە تۆمار دەکرێن.

دەشڵێت، ئەو ئامارانەی کە ڕۆژانە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان تۆمار دەکرێن، پێویستە بەشێوەیەکی خێراتر بگاتە دەستمان، بۆیە گەیشتنی ئەو ئامارانەش لە جیاتی کاغەز، لەڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە زووتر دەگات.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٤٥٠ دام و دەزگای تەندروستی هەیە، هەروەها جگە لە نۆرینگەکان نزیکەی ٢٢١ سەنتەر و نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت هەن.

وتیشی، لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن کۆدی تەندروستی خۆیان.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP