دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/07/2024

نوێترین زانیاری لەبارەی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان لە کەرکوک

هەرێم نیوز

راکان جبورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکات. 

بڕبارەى سبەى پێنجشەممە 11ى 7، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بکرێت، دواى ئەوەى محەممەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکە کرد ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.

پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتیى رایگەیاند، "بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین، بەڵام تێیدا سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرانى هەڵنابژێردرێن و ئەوە دەمێنێتەوە بۆ قۆناخى دواتر".

بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ى 7 راکان جبورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجوومەن لە دادگە سوێندى یاسایی دەخوات.

راکان جبورى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک لە لیستى هاوپەیمانیى عەرەبی بەربژێر بوو و ئەگەر سوێندی یاسایی نەخواردایە، پەروین فاتیح وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکەى دەکرد. 

هاوکات، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند،  ئێمە وەکو پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین و ئەوەی پێمان گوتراوە، کۆدەنگییەک هەیە، بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکەش بەشداریی بکەن.  

وتیشی: لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ، سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵنابژێردرێن و تەنها "شەرعییەتدانە بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و بەڕێوەبردنی یەکەم کۆبوونەوە نەک زیاتر".

ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە و هەڵبژاردنی پارێزگار ڕێک نەکەوتوون. "چەند پێشنیازێک بۆ چارەکردنی کێشەکە خراونەتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان پەسەند نەکراوە".

ئەمانەش لەکاتێکدایە، 9ى تەممووز سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس داواى ئەو کۆبوونەوەیەى کرد و کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆى بۆ دیاریکرد کە لە باڵەخانەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکرێت.

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP