هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆكکۆماری نوێی ئێران، مەسعود پزیشکیان کرد، بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆكکۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران، مەسعود پزیشکیان ئەنجامداوە.
باسی لەوەشکردوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ کراوە، ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لەسەر بەردەوامبونی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردو وڵات لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەتیش لە بوارەکانی ئابوریی و ئەمنییدا.
بەپێی بەیاننامەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەمەد شیاع سودانی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کردوە، بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.
لای خۆیەوە مەسعود پزیشکیان جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ فراوانکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق و ڕایگەیاندووە کە ئێران پشتیوانی لە لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ عێراق دەکات، بە شێوەیەک کە ھەوڵەکانی سەقامگیری ھەردوو وڵات و ناوچەکە بەھێزتر بکات.