دواین هەواڵ

عێراق‌

 08/07/2024

پێنجشەممەی داهاتوو نیوەی عێراق دەکوڵێت

هەرێم نیوز

کەشناسیی عێراق پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەی گەرمیی هەشت پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.

ڕۆژی دووشەممە (8ـی تەمموزی 2024) دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ پلەی گەرمیی چوار ڕۆژی ئەم هەفتەیە بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکەش لە سبەی سێشەممەوە تاوەکوو هەینی، شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق، سبەی سێشەممە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر: 43 پلەی سیلیزی، دهۆک: 41 پلەی سیلیزی، سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی و کەرکووک: 44 پلەی سیلیزی. هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت، هەولێر: 45 پلەی سیلیزی، دهۆک: 41 پلەی سیلیزی، سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی و کەرکووک: 45 پلەی سیلیزی.

هەرچی پارێزگاکانی عێراقیشە؛ سبەی سێشەممە فێنکترین ناوچە پارێزگای نەینەوا دەبێت بە 44 پلەی سیلیزی و گەرمترینیش بە 48 پلەی سیلیزی لە پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا، ناسڕییە، میسان و نەجەف دەبێت.

کەشناسیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە: ڕۆژی پێنجشەممە لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان، ناسڕییە، موسەننا، دیوانییە، نەجەف، بابل و واست دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و ئەو گەرمایەش بۆ ڕۆژی هەینیش بەردەوام دەبێت کە پێشبینی دەکرێت لە بەسرە پلەی گەرما بگاتە 51 پلەی سیلیزی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP