دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/07/2024

خووگرتن بەنەشتەرگەرى جوانكارى لە نێو خانمان

ئامادەکردنی د. لاڤە دارا علی پسپۆری نەخۆشی یە دەرونی یەکان

نەشتەرگەرى جوانكارى بۆ گۆڕینى ڕوخسار ڕۆژبەڕۆژ لەبەرزبوونەوەدایە لە نێو هەردوو ڕەگەزدا. هەندێك بەتوندى ئەو بیرۆكەیە ڕەتدەكەنەوە بە ڕەنگدانەوەیەكى خراپى جەخت كردنە سەر جوانى و ڕووخسارى دەرەوە لەكۆمەڵگاى ئێستەماندا دەبینن كە جوانى ناوەوە و ڕۆح فەرامۆش كراوە بەڵام هەندێكى تر بە دەرفەتێك بۆ درێژ بوونەوەى تەمەنى گەنجى ولاوى لەقەڵەم دەدەن.

لەدرێژەى ئەم مشت ومڕەدا بەباشمان زانى هەندێك ڕاستى دەروونى وسایكۆلۆژى ئەم دیاردەیە بخەینە ڕوو. بەربڵاوبوونى نەشتەرگەرى جوانكارى كۆمەڵێك مانا دەبەخشێت وەك بەرزبوونەوەى ئاستى ئابورى وداهاتى خەڵك, پێشكەوتنێكى بەرچاوى بوارى جوانكارى, نەمانى عەیبەى كردنى نەشتەرگەرى جوانكارى بەڵكو بەپێچەوانەوە ئێستا بۆتە جێگەى شانازى . هاندەرەكانى ئەنجامدانى نەشتەرگەرى:

1. هۆكارى ناوەكى (كەسیى) :

• هەڵسەنگاندنى خود : تاكو چ ئاستێك ئەوكەسە لە خۆى ڕازى یەو هەست بەكەمى ناكات و باوەڕى بەخۆیەتى.
• لەڕابردوودا تووشى ڕەتبوونەوە بووە سۆزدارى یان كۆمەڵایەتى یان لە شوێنى ئیشەكەى بەهۆى شێوەو ڕووخسارى یەوە.
• پەشێوى ناڕێكى جەستە : كە نەخۆشى یەكى دەروونى یەو 1% خەڵكى تووشى دەبن كەتێیدا تاك خو دەگرێت بە شوێنێكى جەستەیەوە و چەندین نەشتەرگەرى ئەنجام دەدات و هەر ڕازى نى یە لە ئەنجامەكەى , ئەم پەشێویە نزیكەى 7% ئەو كەسانە دەگرێتەوە كەسەردانى پزیشكى جوانكارى دەكەن واتا 93% ئەوانەى نەشتەرگەرى دەكەن كەسى ئاسایین و نەخۆشى دەروونیان نى یە.

2. هۆكارى دەرەكى كەبەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ كاردەكەن:

• هەندێك جار خێزان , هاوسەر, هاوڕێ هاندەرن.
• ڕۆڵى میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتى یەكان كە بەبەردەوامى وێنەى هونەرمەندان و كەسەناودارەكان بڵاو دەكەنەوە كەوەك پڕوپاگەندەیەك كاردەكەن ئەمە سەرەڕاى پڕوپاگەندەى سەنتەرو كلینیكى جوانكارى.

• لەكاتى ئێستادا ستاندەرەكانى جوانى لەكۆمەڵگادا گۆڕاوە ئەگەر بەراوردبكرێت بەساڵانى ڕابردوو ,لەئێستادا جەخت دەكرێتە سەر كوڵمى بەرز, لێوى پڕ, لووتى قەڵەمى ڕێك ,لەش ولارێكى سەرنج ڕاكێشى سێكسى.

لێرەدا پرسیارێك دێتەپێش باشە بۆچى لەنێو خانمان زیاترە؟ ئەى بۆچى بەبەردەوامى دووبارە دەكرێتەوە و جۆرێك لە ئالوودەبون دەگرێتە خوَ؟

خانمان دەكەونە ژێر سانسۆرێكى بەهێزى كۆمەڵگاوە چونكە ڕاستى یەكى سایكۆلۆژى هەیە ئەویش ئەوەیە بۆیەكەمین جار مرۆڤەكان كەیەكتر دەبینن هەڵسەنگاندن بۆ یەكتر دەكەن لەسەر بنەماى ڕووخسارو شێوەى دەرەوە , وێناى خانمان لە نێو كۆمەڵگادا ئەوەیە كەهەمیشە بەگەنجى و جوانى و لەش ولارێكى ڕێك بمێننەوە. كەسانى جوان چانسێكى زیاترى قبوڵكردنیان هەیە لە نێو كۆمەڵگا, ژیانێكى باشترو چانسى هاوسەرگیرى و هەلى كاریان باشترە هەر بۆیە پەنابردنە بەرنەشتەرگەرى وهەوڵى خۆ جوانكردن لە نێو خانمان زیاترە كە ئەم ڕەفتارە وەك چاولێكەرى دەردەكەوێت.

لەكاتى ئێستادا زۆربەى زۆرى نەشتەرگەرى یەكان كاتێكى كەم دەخایەنێت, بە بەنجى مەوزوعى ئەكرێت و دەست بەجێ ئەنجامەكەى دەردەكەوێت كەئەمەش بە هۆكارێكى بەهێزى ئالوودەبون دادەنرێت بە نەشتەرگەرى جوانكارى یەوە. ئەم دیاردەیە جیهانى یەو نەك تەنها هەرێمى كوردستانى گرتبێتەوە بۆ كەم كردنەوەى ئەم دیاردەیە هەمووتاكەكانى كۆمەڵگا پێویستە بە خۆماندا بچینەوە , جەخت كردنە سەر جوانى ناوەوەى كەسەكان و ڕۆح بكرێتە بنەما بۆ هەڵسەنگاندن و قبوڵكردنى یەكترى.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP