د. نیاز نەجمەدین
جەنگ شتێکە لە سەد لاوە سەیری بکەیت هێشتا کەمە. یەکێک لە شتەکان ئەوەیە خەیاڵت داگیر ئەکات و چی وزەت هەیە ئەیبات. رۆژگار تێئەپەڕێ و تۆ دنیایەک کاتت بۆ خۆبیناکردن لە کیس چووە. جەنگ لە هەر شوێنێک روبدات بۆ هەموومان ترسناکە، ناشەرعییترین رێگەی خۆدەوڵەمەندکردن و بوژانەوەی ئابوورییشە. لەمە خراپتر ئەوەیە، جەنگ بۆ زەمەنێکی دیاریکراو نییە. زۆر پێش ئەوەی دەست پێ بکات، دەست ئەکات بە گۆڕینی ئێمە و ئامادەی قبوڵکردنیمان ئەکات، دوای ئەوەش ئاگرەکە ئەکوژێتەوە، بۆ چەندین ساڵ بۆن و بەرامی دوکەڵەکەی وەک تارمایی لەسەر رۆحمان ئەنیشێت. من تەنها لە دیوێکی ئەم تارمییە ئەڕوانم و ئەمەوێ بپرسم:
جەنگ چی جۆرە ستایڵێکی پەروەردە بەسەر دایک و باوکدا ئەسەپێنێت؟ لە جەنگدا چی جۆرە منداڵێک گەورە دەبێت؟ چی جۆرە کەلتورێک درێژەپێدەدات و ئەبوژێنێتەوە؟
زۆر ستایڵی ژیانکردن و نەریت ئەبوژێنێتەوە. یەکێکیان بریتییە لەوەی بە ئینگلیزیی پێی ئەڵێن "enmeshed family"، واتە خێزانی چڕوپر، یان خێزانی وابەستە، یان خێزانی سنور لاواز، کە خێزانێکە یەک وابەستەی ئەوی دیکە ئەبێت و سنور لە نێوانیاندا زۆر کاڵ ئەبێتەوە. دوور بێت لە هەمووتان، هەموومان ئەیزانین مەرگ یان کوشتنی جەرگ رەفتاری دایک و باوک بە ١٠٠٪ ئەگۆڕێت. بۆمبەکان تەنها ئاگر بە ماڵەکانمانەوە نانێن، بەڵکو بە ناخی وشکبووشماندا. لە جەنگدا، کۆڵەکەکانی ئابووریی (جگە لە بازاڕی کاری سەربازیی) ئەتەپن و رێژەی بێکاریی زیاد ئەکات. لە وڵاتانی وەک ئێمەدا، بیمەی بێکاریی و بیمەی تەندروستیی نییە. کەلتورێکی ئامادەش هەیە بانگەشەی ئەوە ئەکات ئەبێ هەموو شت بۆ خێزان و بۆ نیشتمان بێ.
ئەمانە وائەکەن خێزانەکان بچنەوە ناو خۆیان، بخزێنە ناو یەکتر و یەکتر لە ئامێز بگرن. ئەبێت یەک ئاگای لەویتر بێت و خۆی بە بەرپرس لەویتر بزانێت. لە ژینگەی لەم چەشنەدا، گوتاری دایک و باوک لە چەند شتێکدا کورت ئەبێتەوە:
"مەچنە دەرەوە"، "بۆت نیە بچیت بۆ شارێکی تر بخوێنیت"، "واز لە ئیشەکەت بهێنە و وەرەوە، دۆخەکە زۆر خراپە"، هتد. یان ئەبێ چەک هەڵگریت و قوربانیی بیت بۆ نیشتمان. ئەگەرچی پەیامەکان لە دڵسۆزییەوەیە، بەڵام ئاکامەکەی لە زۆر کات و شوێندا کۆنتڕۆڵکردنە.
خێزانەکان ئەزانن دەوڵەت ناتوانێت تەواوی ژیان و گوزەرانیان بپارێزێت، ناچارن پەنا ببنەوە بۆ خێزان و پاشان خێڵ. لێرەوە ئەمە ماتریاڵێکی باشە بۆ زیندوبونەوەی کۆمەڵگەی خۆسەپێنەری گشتگیر، ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەرفەتی هەناسەدان بۆ تاک لە دەرەوەی خێزان و خێڵ، زۆر کەمە.
ئیدی ئێمە و منداڵەکانمان لە چوارچێوەی خێزانی وابەستەدا فێری سەربەخۆیی و ئازادیی نابین. منداڵ زۆر بە زەحمەت توانای هەنگاونانی لە دەرەوەی خێزان ئەبێ بەو هۆیەوە ئازاری ویژدانی توش ئەبێت. بیەوێ لە دەرەوەی وڵات بخوێنێت، بوارێک بخوێنێت کە خێزانەکەی حەز ناکات، ئیشەکەی بگۆڕێت، ژن بهێنێت یان شوو بکات، یان لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە، هەزار و یەک شەو پێوەی ئەتلێتەوە بەو هۆیەوە وا ئەزانێ ستەمی لە ماڵی باوکی کردووە. بەدوایدا، مرۆڤی رارا دروست ئەبێت و بڕیاردان بۆیان زۆر سەختە و هەمیشە ئازاری پەشیمانبونەوە ئەچێژن. واتە تۆ ئەگەر مرۆڤێکی رارایت، زۆرجار ئازاری ویژدانت هەیە، هەست ئەکەیت ئەبێ بەردەوام پشت بە کەسێکی تر ببەستیت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لە خێزانی وابەستەدا گەورە بوویت. لە قۆناغێکیشدا، خێزانەکەت رەنگە بەناو جەنگدا تێپەڕی کردبێت، کەلتورێکی داخراو و رژێمێکی سیاسیی دیکتاتۆرییش چواردەوری گرتبێت.
ئەم منداڵە کە پرۆژەی خزمەتکردنی نیشتمانیش بە کۆڵدا ئەدەی، زۆرجار هەمان شت ئەکاتەوە. بە مێژوی یاخیبونی کورددا بچۆرەوە، رەنگە سەدان پێشمەرگە بوبنە قوربانیی و ئەوەی ویستبێتیان بیکەن ئەوە بووە خواست و ویستی کەسێکی تر بهێننەدی، شەهید ببن لەبەرئەوەی خێزانەکانیان شانازییان پێوە بکەن، ژنیان نەهێناوە تەنها لەبەرئەوەی بۆ نیشتمان خۆیان بکەن بە قوربانیی، هتد.
جەنگ بەشدارییەکی زۆر ئەکات لە پاراستنی سیستمی باوکسالاریی بەو هۆیەوە پاساو ئەدات بە دەست دایک و باوک کە فشار بکەن منداڵەکانیان (بەتایبەت کچەکانیان) نەچنە دەرەوە و ئەشبێ متمانە بە کەس نەکەن، ئەگەرچی لە لایەکی ترەوە کۆمەڵگە ناچار ئەکات رێگە بدات کچەکانی ئیش بکەن. دوای ئەوەی وات لێ دێت متمانە بە کەس نەکەیت، دڵپیسیی بەناوماندا تەشەنە ئەکات. کۆمەڵگە کۆنە رزیوە بۆگەنەکە ئەمێنێتەوە. ئیدی وەک ئەڵقەیەکی داخراو، جەنگ و ئابوورییەکی داڕماو و کۆمەڵگەیەکی داخراو یەک وزە بەویدیکە دەبەخشێت. ئەگەرچی دوای وێرانکردن، هەندێک گەشەی ئابووریی روو ئەدات و جیلێک رەنگە لە روویەکەوە سود لە گەشەکە ببینن، بەڵام لە دەیان لایەنی ترەوە وێرانیان ئەکات. لەم سەردەمەدا، وێرانبونی ناوچەیەک، بەتایبەت ئەگەر دراوسێت بێت، کاریگەریی خراپ لەسەر تۆش دائەنێت.
منداڵانی خێزانی وابەستە مەرج نیە هاورەفتاربن. تیایاندایە هێشتا هەرزەکارە، بەڵام زوو گەورە ئەبێت و رۆڵی دایک و باوک ئەگێڕێت (پێی ئەڵێن parentification). تیاشیاندایە لە بچوکترین بڕیارەوە تا گەورەترین، ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ کەسانی تر. لێرەوە مرۆڤێک گەورە ئەبێت کە سەربەخۆیی خۆی کەمە، خودی خۆی نییە و بۆ ئەویتر ئەژی، بە هەقی خۆیشی نازانێت دڵی خۆش بێت.
بێگومان لەوە باشتر و جوانتر نییە خێزانەکەی خۆتت خۆشبوێ و خزمەتیشیان بکەیت. بەڵام لەوێدا کە ئاوێتەی هەموو شت ئەبیت و ناتوانیت پلانی خۆتت هەبێت، خۆت ئەسڕیتەوە و ناتوانیت هاوسەنگیی راگریت، سەربەخۆییت نامێنێ، یان تەدەخول لە هەموو شت ئەکەیت، ئیدی ئەمە مرۆڤێکە ئەگەری ئەوەی هەیە بچوک و بەردەستی ئەوانی دیکە دەربچێت، یان بەچکە دیکتاتۆرێکی لێ دروست ببێت.