دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پێگەی ژن لەنێو سۆشیاڵ میدیا

مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە بەجۆرێ کۆی پەیوەندییەکانی بچوک کردوەتەوە لەنێو ئامێرەکەی ناو دەستی هەموو تاکێکەوە،واتە ئێمە ئەتوانین لەڕێگای مۆبایلەکەی دەستمانەوە بە تەواوی هەواڵ و زانیاری و کەسەکانی دونیا بگەین.
ئەمڕۆ سیستمی سەرمایەداری بەجۆرێ دونیای قۆرخ کردوە کە کار دەکات لەسەر مێشکی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، هەڵبەت ئەمە لە کاتێکدا ڕودەدات کە بەکارهێنەر بێ ئاگا و بێ هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ مۆبایلەکەی دەستی دا بکات. واتا تاکی کوردیش بەدەر نیە لەم وەرچەرخانە.
لەم نێوەندەیا ئێمە باس لە بونی یارییە ئەلکترۆنیەکان و ئەو جۆرە بەرنامانە ئەکەین کە بەجۆرێکە ناوی لێنراوە (room). واتە چەند ژوورێکی جیاواز لەنێو یاریەکاندا بونیان هەیە، کۆمەڵێک گەنج لە کچان و کوڕان بەشێکی کاتەکانیان لەوێدا بەسەر ئەبەن، بە جۆرێ ئەمڕۆ زیاتر لەنێو تاکی کوردیدا بڵاو بوەتەوە و لە تەشەنە کردن ناوەستێ لەناو گەنجان. هێواش هێواش وایلێهاتووە ڕۆ دەچێتە ناو تاکەکان و بەشێکی زۆری کاتەکانیان بەفیڕۆ دەدەن. وە گەشتوە بە ئاستێک تەواوی شەوەکانیان لەوێدا ڕۆژ ئەکەنەوە. واتە جیا لە زیانی دەرونی و جەستەیی زیانی مادیشی گەیاندووە بە جۆرێکە کە پارەی تێدا خەرج دەکرێ، وە هەندێ کاتیش پارەیەکی زۆر خەیاڵی بەفیڕۆ دەچێ، بە بیانوی ئەوەی تۆ ئەکاونتەکەت پێگەیەکی زۆر باشی هەبێ لەناو بەرنامەکەدا و جیاواز لەوەش هەندێکجار لە ڕوانگەی هەندێ لەو جۆرە کەسانەی بەکارهێنەرن کەسایەتی و بونی تۆ دەسەلمێنێت.
لەسەرو هەموو ئەم لێکەوتانەوە دۆخەکە هەندێک کات دەگات بەوەی هەندێ لەو بەکارهێنەرانەی کە بەخراپ ئەم جۆرە ئەپانە بەکار دەهێنن، هەڕەشە لەسەر ژیانی یەکتر ئەکەن بەوەی گوایە کە ئابڕوی بەرامبەرەکەی دەبات بەو هەڕەشەیەی وێنە و دەنگی تۆمارکراوی لایەنی بەرامبەر بڵاو ئەکەنەوە لەسەر یەکدی و گوایە ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئابڕووچونی بەشێک لەو کەسانەی لەوێدا کات بەسەر ئەبەن.
ناوی هەندێ لەو بەرنامانەش کە ئەمڕۆ بڵاون و تەشەنە دەکات لە کۆمەڵگا: ئیمۆ و لودۆ و ئیچۆ و…هتد. بێگومان ژنانیش بەدەر نین لەبەکار هێنانی ئەم جۆرە ئەپ و یاری و بەرنامە ئەلکترۆنیانە.
ئێستا ئێمە با ئەوە بپرسین؛ ڕۆڵی تۆی ژن چییە لەم جۆرە بەرنامانە، یان ڕونتر بڵێێن تۆی ژن پێگەت تا چ ئاستێکە؟
واتە تا چەند تۆی ژن هەوڵت داوە پێگەیەک لەم بەرنامەیە بۆ خۆت دیاری بکەیت یان تا چەند هەوڵی ئەوەت داوە ڕۆڵێکی وەها باش ببینی و ئەوەی لەهەگبەتدا هەیە بتوانی بەشداری پێبکەی لەگەڵ هاوڕەگەزانی خۆت و کۆی ئەو کەسانەی سەرقاڵی ئەم جۆرە یاری و بەرنامانەن وە سودمەندبن لەو ئەزمونەی کە لەژیان وەرت گرتووە. ئایا تۆی ژن سەرگەرمی ئەم جۆرە بەرنامەو و یاریانەی؟ مامەڵەکردنی تۆی ژن لەگەڵ پیاوانی نێو ئەم بەرنامەیە لە چ ئاستێکدایە؟
ئایا هەوڵت داوە بەجۆرێ مامەڵە بکەیت کە ئەگەر پیاوانێکیش هەوڵی ئەوە بدەن بەجۆرێ لەجۆرەکان لێت نزیک ببنەوەو نیەتێکی خراپیان هەبێ بەرامبەرت تۆی ژن بە هێزێکی ژنانەو بە متمانە بەخۆبونێکی بەهێزەوە بەرامبەریان بۆستی و ڕێگا نەدەی هیچ کەس سنورەکانت تێپەڕێنێت؟ تا چەند ڕێگات داوە ئەم جۆرە بەرنامانە کاریگەری لەسەرت بەجێ بهێڵن ئایا بەجۆرێ لە جۆرەکان ئالودە بووی؟
ئەمڕۆ بڵاو بونەوەی ئەم جۆرە بەرنامانە بەجۆرێکە لە تەواوی جیهاندا کەوایلێهاتووە وردە وردە پەل بهاوێتە نێو ماڵەکان و بەهۆیەوە چەندان خێزانی بەرەو کێشە و هەڵوەشاندنەوە بردوە. چونکە جیا لەو گەنجانەی کە سەڵتن لێرە کەسانێکی تریش دەبینین کە خێزاندارن و بەشێکی زۆری بەرنامەکان پێکدەهێنن، بەم هۆیەوە نمونەی چەندان خێزانمان هەیە نەک لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوی دنیا وەک وتمان بەرەو داڕمان و هەڵوەشاندنەوە چوون و تاکی گەیاندوە بە ئاستێک کە ئالودە ببێت و پەنا بۆ خۆ کوشتن ببات.
لێرە ئەوەی زیاتر قوربانی یە ژنە، چوونکە بەڕای هەندێ بەکارهێنەران بونی ژن لێرە ئاسودەیان دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵیان دڵخۆشییان دەداتێ و وە هەندێکیان بەجۆرێ بیردەکەنەوە کە دەتوانن لەڕێگای ئەو پارەی کە لەبەرنامەکاندا خەرجی دەکەن هێزی کێش کردنی ژن ئاسانتر دەکات.
هۆکاری هەموو ئەم گرفتانەی باسی لێوەکرا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری بەکار هێنەر خۆیەتی کە تاوەکو ئەمڕۆ نەگەشتووە بەو ئاستەی بزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایەی بەردەستی بکات وە بەشێکی تریش بۆ کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە کە زۆربەی گەنجانی وڵات بێ کارن کاتێک دەتەوێ گەنجێک بدوێنی سەبارەت بەم پرسە تۆ بۆچی وادەکەیت بۆ کاتی زێڕینی خۆت لەم جۆرە بەرنامانەدا بەفیڕۆ دەدەی؟
خێرا دێتە جواب و دەڵێت ئەی پێم ناڵێی چی بکەم من گەنجێکم قۆناغێکی زۆر باشم لە ژیان بڕیوە، بەڵام تائێستاش بێ کارم چی بکەم و ڕوو لەکوێ بکەم.
خانمی جوان ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە بە ئاستێك گەیشتوە ئەگەر تۆی ژن نەتوانی ڕۆڵ و پێگەی خۆت بەشێوازێکی باش دیاری بکەیت ئەوا دەگەیت بەقۆناغێک کە جیا لەوەی قوربانی ئەم جۆرە یاری و بەرنامانە ئەبیت لەگەڵ ئەوەشدا قوربانی دەستی بەشێك لە نێرینەی نیاز خراپ ئەبیت کە وردە وردە بەرەو لەناو چوون دەچیت.
وەک هەمیشە دوپاتی ئەکەینەوە ئاستی ڕۆشنبیری و ئەو پێگەیەی پێویستە تۆی ژن هەتبێ لەکۆمەڵگە خەباتکردنەکەی لەخۆتەوە دەست پێ دەکات و پاشان پەل دەهاوێ بۆ ناو تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP